لە دهۆک پسپۆڕێک لەکاتی چارەسەرکردندا تەکنەلۆژیای VR بەکاردەهێنێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بنیاتنانەوەی ددان لە دهۆک تەکنەلۆژیای ڤیرچواڵ ریاڵیتی یاخود ئەو ئامێرەی کە ناسراوە بە VR لە نەشتەرگەری و چارەسەرکردنی کێشەکانی ددان بەکاردەهێنێت و دەڵێت: بۆ نەخۆشەکانیش بەکاریدەهێنێت، تاوەکو ترسیان کەمببێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی ئایاری 2024 د. ئەنەس میقداد، پسپۆڕی بنیاتنانەوەی ددان لە بوولتەنی تەندروستیدا گوتی، تەکنەلۆژیاکە بۆ پسپۆڕانی بواری نەشتەرگەری و چارەسەرەکانی ددان زۆر بەسوودە و دەتواندرێت ئەو زانیارییانەی پێش چارەسەرکردنەکە پێویستن هەمیشە لەپێشچاوی پسپۆڕەکە بێت و دەستیشی لەنێو نەشتەرگەرییەکە بێت.
د. ئەنەس میقداد دەڵێت: ''لە نەشتەرگەری و کارکردن لەسەر ددان دەتواندرێت سوود لە ڤیژن پڕۆ یاخود ڤیرچواڵ ریاڵیتی وەربگیرێت، چونکە ئاسانکاریی زیاتر دەکات بۆ بەکارهێنەران بەتایبەت نەشتەرگەران''.
ئەو پسپۆڕە ئەوەشی باسکرد کە بۆ دەستخستنی زانیارییەکان و پێشاندانی وێنەکان بە روونی دەتواندرێت سوود لە ئامێرەکە وەربگیرێت.
بە گوتەی پسپۆڕەکە، تەنانەت نەخۆشەکانیش دەتوانن کاتێک نەشتەرگەری یاخود چارەسەریان بۆ دەکرێت، ئامێرەکە بەکاربهێنن، تاوەکو وەڕەس نەبن، هەروەها دەڵێت: ''تەنانەت دەتوانن سەیری فیلمیش بکەن لە سەرەتای نەشتەرگەرییەکەیان تاوەکو کۆتایی نەشتەرگەرییەکە''.
د. ئەنەس میقداد ئاماژە بە بەشێک لە خاڵە لاوازەکانی تەکنەلۆژیاکە لەبواری پزیشکیی ددانسازیدا دەکات و دەڵێت: ''نەبوونی رووناکی لەسەر ئامێرەکە کە وەکو چاویلکە وایە، وایکردووە نەتواندرێت دیمەنەکان بە روونی ببیندرێن، هەروەها کاتێکیش بە ئامێرەکەوە سەیری شاشەی مۆبایل دەکرێت، ئەوا بەکارهێنەر تووشی سەرسووڕان دەبێت''.
تەنانەت پێشنیازیش دەکات کە ئامێرەکە لێنزی نزیککردنەوەی تێدا بەکاربێت کە تاوەکو ئێستا بەکارنەهاتووە، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە ئاسانی شتە وردەکانی کاتی نەشتەرگەری و چارەسەر ببیندرێن.