نەخۆشنامە؛ چارەخواز هەبووە، پێویستی بە فیلەر نەبووە و رەتمان کردووەتەوە بیکات

رووداو - تەندروستی

پۆدکاستی نەخۆشنامەی ئەمجارە لەبارەی فیلەرە کە ئێستا بۆ مەبەستی جوانکاری بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە و کچێکیش کردوویەتی و میوانی پۆدکاستەکەیە، بەڵام پسپۆڕان هەمیشە هۆشداری لەبارەیەوە دەدەن و پسپۆڕێک دەڵێت: ''مەترسیدارە و تەنیا لای کەسانی پسپۆڕدا بکرێت''.
 
پرژە جەمال، چارەخوازێکە جوانکاریی فیلەری بۆ کراوە و لە وەڵامێکیدا دەڵێت: ''مانگێگە فیلەرم کردووە و حەزم کرد گۆڕانکارییەک لە دەموچاومدا بکەم، بەپێی رێنمانییەکانی پزیشک، کردم''.
 
هەرچەندە ئەو ئەوەشی باس کرد، ویستوویەتی روومەتیشی فیلەر بکات، بەڵام بەگوێی پزیشکەکەی کردووە و تەنیا لێوی کردووە، دەڵێت: پزیشکەکەم گوتی کە روومەتم نایەوێت.
 
د. شنە عوسمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایگەیاند، ئێستا پێوەرەکانی جوانکاری بەراورد بە ساڵانی رابردوو گۆڕاون و پشت بە خواستی چارەسەرخواز نابەستێت، بەڵکو پشت بە چەند پێوەرێک دەبەستێت کە هاوسەنگ بێت بۆ چارەخوازەکە و زەق نەبێت.
 
ئایا فیلەر تەنیا بۆ جوانکارییە؟ د. شنە عوسمان لە وەڵامدا دەڵێت، ''تەنیا بۆ جوانکاری نییە و بۆ چارەسەری چەند نەخۆشییەکیش بەکاردێت، خانمیش هەبووە کە پێویستی بە فیلەر نەبووە و رەتمان کردووەتەوە فیلەر بکات''.
 
لەکۆتاییدا ئەو هۆشداریییەشی دایە خانمانی دووگیان کە باشتر وایە لەماوەی دووگیانیدا فیلەر نەکەن، چونکە دەشێت ئەو جوانییە نەبەخشێت بەهۆی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان.