توێژینەوەکان: لاپتۆپ پیاوان تووشی کێشەیەکی مەترسیدار دەکات

رووداو - تەندروستی

لاپتۆپ بە نزیکەیی لە هەموو ماڵێکدا هەیە و ملیۆنان کەس لە ماڵ و ئۆفیسەکانیان بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەکاری دەهێنن، بەم دواییانەش بە قەبارە و شێوازی جیاواز بەردەست بووە، بەڵام لەڕووی جەستەییەوە پسپۆڕان هۆشداری لە شێواز و چۆنیەتیی بەکارهێنانی دەدەن.
 
یەکێک لە توێژینەوەکانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی دەریدەخات، دانانی لاپتۆپ لەسەر رانەکان بۆ ماوەی کاژێرێک، دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گونەکان بە تێکڕای 2.7 پلەی سلیزی، ئەوەش روونکراوەتەوە: جووڵە و پێکهاتەی سپێرم تێکدەدات و دەشێت درێژخایەن توانای وەچەخستنەوە لاواز ببێت.
 
بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێتری زانکۆی ستەیت لە نیویۆرک ئەوەی دەرخستووە، گەرمی و تیشکە کارۆموگناتیسییەکانی لاپتۆپ هۆکار دەبن بۆ لاوازبوونی توانای وەچەخستنەوە، کەمبوونەوەی کواڵیتیی و جووڵەی سپێرمەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گونەکان.
 
یەفیم شێنکین، نووسەرێکی لێکۆڵینەوەکەیە و دەڵێت: ''ئەو فرێکوێنسیانەی لە لاپتۆپەوە دەردەچن، خانەکانی سپێرم تێکدەدەن''.
 
هاوکات د. ئەلێکس رۆبڵز، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان لەبارەی کاریگەریی دانانی لاپتۆپ لەسەر سک لەنێو خانمان پێی وایە، گەرمییەکەی و تیشکەکانی دەشێت پێکهاتەکانی هێلکەدانی خانمان تێکبدەن. بۆیە پێشنیاز دەکات، سەرینێک یاخود بەربەستێک لەنێوان رانەکان یاخود سک و لاپتۆپەکەدا دابنرێت.

رێنوێنیکارێکی تەندروستی هۆشداری دەداتە خانمان و دەڵێت: ''دانانی لاپتۆپ مەترسییەکی گەورەیان تووشدەکات، چونکە ئەو گەرمییەی لێوەی دەردەچێت زیان بە هێلکەکانیان دەگەیێنێت و لاوازیان دەکات''.