پسپۆڕێکی شێرپەنجە لەبارەی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دهۆک: پەرستاری پێویستە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و سەرۆکی بەشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆک لەبارەی نەخۆشخانە نوێیەکەی شێرپەنجە رایدەگەیێنێت، کارمەندی بۆ دابینکراوە، بەڵام پێویستمان بە پەرستار هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-5-2025 د. چەکدار ئەحمەد، پسپۆڕێکی شێرپەنجە بە رووداوی راگەیاند، هەموو چارەسەر و پشکنینێکی شێرپەنجە بۆ تووشبووان دەکرێن.
د. چەکدار ئەحمەد روونی دەکاتەوە، هەر لەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەریی چارەسەری شێرپەنجە بۆ نەخۆش دەکرێت و ئیدی پێویست ناکات بچنە پارێزگاکانی دیکە بۆ چارەسەر.
لە دهۆک نەخۆشخانەی ئومێد بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە کرایەوە و لە 160 تەخت پێک دێت بە گوژمەی ملیۆنێک و 75 هەزار دۆلاری ئەمریکی دروستکراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-5-2025 د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، جگە لەوەش چوار پڕۆژەی دیکە کە یەکێکیان دانانی سەنتەری چاندنی مۆخە لە پارێزگاکە دەکرێتەوە و بەشێکی هاوکارییە داراییەکانیش لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و کۆمپانیایەکی ئیتاڵی دابینکراوە.