100 ملیۆن دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون بۆ هەر ئیدارە و پارێزگایەک تەرخانکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون چڕکراونەتەوە و بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە.
رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دیناری بۆ هەر یەک لە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە بۆ کڕینی دەرمان. پارەکەش راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکان بۆ ئەوەی پرۆسەی کڕینی دەرمانەکان دوانەکەوێ."
بە گوتەی رابەر محەممەد، لە ئیدارەی زاخۆ پارەکە تەرخانکراوە و دەرمانەکانیش کڕدراون، لە هەموو پارێزگا و ئیدارەکانی دیکەش دەرمانی پێویست دەکڕدرێ.
لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی: "بەشێکی شۆردن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەکانمان لە مانگی رابردووەوە دەستپێکردووە و بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو ئاژەڵەکان دەشۆردرێن، چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون زیاتر دەبێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوونێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەم رێکارانە وەک ئامادەکاریی پێشوەختەن."
بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەسەر داوای وەزارەتی کشتوکاڵ، لە ساڵی 2023ـەوە بڕی 2 ملیار و 700 ملیۆن دینار وەک بودجەی گشتی بۆ کڕینی دەرمان لە کاتی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون تەرخانکراوە. رابەر محەممەد دەڵێ، لەوکاتەوە دەرمانی پێویستیان تاوەکو ئەم ساڵ هەبووە؛ هەروەها باسی لەوەشکرد، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە دەرمانیان بۆ دابین بکەن، بەڵام ئامادە نەبوون دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکەن.
ئەرجان محەممەد رەشید، بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک، 7ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" یەکەم تووشبووی تای خوێنبەربوون کە ژنێکە لە کەرکووک تۆمارکرا".
بەگوێرەی ئامارەکان، پار 11 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون: 3 کەس لە هەولێر، 2 لە سلێمانی و 6 کەس لە دهۆک کە 3ـیان گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە کەرکووکیش 5 کەس تووشی پەتاکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستدا.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنە (قڕنە)وە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.