قڕکردنی جرج و مشک وەک رێکارێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەک رێکارێک بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (هانتا)، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چوار بڕیاری دا، لەوانەش دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوانی قڕکردنی جرج و مشک.
رۆژی چوارشەممە، 13ـی ئایاری 2026، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی زانستیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی: "ئەو نەخۆشییە لەنێوان ساڵانی 1950 تاوەکو 1953 لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و لە ساڵی 1978ـدا لە کۆریای باشوور دەستنیشانکراوە، بەڵام تائێستا هیچ ڤاکسینێکی نییە".
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ دەڵێ، ڤایرۆسی هانتا لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە (وەک جرج و مشک) دەگوازرێتەوە.
بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ:
بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی، وەزارەتی کشتوکاڵ لە کۆبوونەوەی لیژنەی زانستیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە کردووەتەوە:
1- دەستپێکردنی هەڵمەتی لەنێوبردنی جرج و مشک لە هەموو فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و ئەو شوێنانەی کە جرج و مشکیان لێیە.
2- پێویستە مادەی قڕکەر لە کارگەکانی ئالیکی پەلەوەر، پڕۆژەکانی پەلەوەر، کوشتارگەکان، کارگەکانی شیرەمەنی، کارگەکانی گۆشت و دووکانی قەسابەکان دابنرێ.
3- رێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی "هامستەری جوانی" کە جۆرێکە لە قرتێنەرەکان لە دەروازە سنوورییەکان.
4- خاوەن کۆگاکانی خواردنی سەگ و پشیلە ئاگاداردەکرێنەوە کە رێکاری پێویست بۆ لەنێوبردنی جرج و مشک لەنێو کۆگاکانیاندا بگرنەبەر.
رۆژی 9ـی ئەم مانگە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەلاح تۆفیق باڵەکی، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بە روودای گوت: "گواستنەوەی نەخۆشییەکە لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ زۆر لاوازە، بۆیە ئەگەری بوونە پەتایەکی بەربڵاوی وەک کۆرۆنا زۆر لاوازە."
نیشانە سەرەکییەکانی بریتین لە:
- تا و ماندووبوونی زۆر.
- سەرئێشە و ئازاری ماسوولکە و سک.
- رشانەوە و کۆکە.
- تەنگەنەفەسی لە دۆخە تووندەکاندا.
- رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لەنێوان 20% بۆ 50%ـە.