پسپۆڕێکی هەناو: دووکەڵی سپی بەراورد بە دووکەڵی رەش زیانی زیاترە بۆ جەستە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو لەبارەی پاڵاوگە سووتاوەکەی سەر رێگەی هەولێر - گوێڕ دەڵێت: کاریگەرییەکانی دووکەڵەکە بە مانگ و ساڵ لەسەر ژینگە دەمێننەوە و دووکەڵە سپییەکە کاریگەرییەکەی مەترسیدارترە بەراورد بە دووکەڵە رەشەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی حوزەیرانی 2024 د. مستەفا عەباس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە بوولتەنی تەندروستیدا ئاشکرای کرد، یەکە ئۆکسیدی کاربۆن و دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دوو لەو گازە ژەهراوییانەن کە لە ئەنجامی سووتانی سووتەمەنییەکان و پاشماوەکانیان دەردەچن و کاریگەریی لەسەر جەستە دروستدەکەن.
د. مستەفا عەباس، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو باسی نیشانەکانی گازە ژەهراوییەکان دەکات و دەڵێت: 'کۆکە، سەرسووڕان، هەناسەتەنگی، کەمبوونەوەی باری هۆشیاری و تووندبوونی سییەکان' دەکرێت بە شێوەیەکی کورت مەودا و راستەوخۆ دەربکەون.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ''ئەوانەی هەستیارییان هەیە زیاتر ژەهراویبوون بە گازەکان کاریان تێدەکات و پێویستە لە دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانی فریاگوزارییەکان بکەن، چونکە پێویستیان بە ئۆکسجین دەبێت بۆ ئەوەی خوێنیان پاکببێتەوە لەو گازانە''، هاوکات ئەوەشی گوت کە هەرچەندە بەستنی دەمامکی ئاسایی بەسوودە بۆ رێگری لە زیانەکانی گازەکان، بەڵام پێویستە دەمامکی تایبەت بە رێگریکردن لە گازە زیانبەخشەکان بەکاربهێندرێت.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ''ئەوانەی هەستیارییان هەیە زیاتر ژەهراویبوون بە گازەکان کاریان تێدەکات و پێویستە لە دەرکەوتنی نیشانەکان سەردانی فریاگوزارییەکان بکەن، چونکە پێویستیان بە ئۆکسجین دەبێت بۆ ئەوەی خوێنیان پاکببێتەوە لەو گازانە''، هاوکات ئەوەشی گوت کە هەرچەندە بەستنی دەمامکی ئاسایی بەسوودە بۆ رێگری لە زیانەکانی گازەکان، بەڵام پێویستە دەمامکی تایبەت بە رێگریکردن لە گازە زیانبەخشەکان بەکاربهێندرێت.
لە بەشێكی قسەکانیدا پسپۆڕەکەی هەناو روونی دەکاتەوە، دووکەڵی ئاگرەکە زۆرترین زیان بە پێست، چاو و کۆئەندامی هەناسە دەگەیێنێت، تەنانەت دەڵێت: ''بەشێکی ئەو گازانە لە ئەنجامی سووتانەکە دەردەچن کاریگەرییان لەسەر دەمار و مێشک دەبێت، بەتایبەت دووکەڵە سپییەکەی کە لە کۆتایی ئاگرەکە دەرچوو''.
لە بەشێکی قسەکانیدا د. مستەفا عەباس گوتی، ئەوانەی تووشبووی نەخۆشییە درێژخایێنەکانن گرووپی مەترسیدارن بۆ دووکەڵی سووتەمەنییەکان و گازەکان، هەر بۆیە پێشنیازدەکات کە دەمامک ببەستن و لەو شوێنە دووربکەونەوە.
لەم بارەیەوە پسپۆڕێکی نەوت بە رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی سووتانی قیر چوار گازی مەترسیدار دەردەچن کە ئەو چوار گازە دەبنە هۆکاری چەندین نەخۆشی.
د. رێبین سەمەد، پسپۆڕی نەوت و کاریگەرییەکانی پیسبوون بە رووداوی راگەیاند، لە ئەنجامی سووتانی قیر گازەکانی یەکەم ئۆکیسدی کاربۆن، دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، نایترۆجین و دووانی ئۆکسیدی گۆگرد دەردەچن.
ئەو پسپۆڕە ئەوەش باسدەکات کە کاریگەریی دووکەڵی ئاگرەکە تاوەکو 80 کیلۆمەتر دەڕوات و هەرێمی کوردستان و عێراق ناتوانن ئەو هەوایە پیسبووە پاک بکەنەوە، چونکە هەوای پیسبوون دەبێت بە رێگەی فیزیایی و کیمیایی پاکبکرێتەوە.
پسپۆڕەکەی نەوت و کاریگەرییەکانی پیسبوون ئەوەشی باسکرد، ''ئەگەر دووکەڵەکە بە ئاراستەی شاری هەولێر هاتبا، یەک کەس لە ناو شار نەدەحەوایەوە''.