ئەمریکا بەکارهێنانی ڤاکسینە نوێیەکەی ئەیدز لە ئەفریقای باشوور دەوەستێنێت

رووداو - تەندروستی

بەم دواییانە دەرزیی لێناکاپاڤیر لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا دژی ئەیدز پەسند کرا و ساڵانە دوو ژەم بەکاردەهێندرێت، دوو هەفتە ماوە بۆ دەستپێکی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە لە ئەفریقای باشوور، بەڵام ئەمریکا دەڵێت: ''هەموو کارەکان رابگرن''.
 
توێژەرانی زانکۆی ویتواتەرستاند لە ئەفریقای باشوور بەشێکن لە توێژەرانی تاقیکردنەوەکە و دەیانەوێت دوای پەسندکردنی ڤاکسینەکە، کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکانی ئەفریقا ببینن، بەڵام خەرجکردنی بودجە بۆ ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەمریکاوە وەستێندرا.
 
بەم کشانەوەیە پڕۆژەکە کە ناوی BRILLIANTـە 46 ملیۆن دۆلار کورتخایەنی هێنا، گلیندا گرێی، سەرپەرشتیاری پڕۆژە دەڵێت: بڕینی بودجە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتییانی ئەفریقا، بەبێ ئەو وڵاتەش ناتواندرێت پێشکەوتنی بەرچاو لە داهێنانەکەدا بکرێت.
 
پڕۆفیسۆر عەبدوڵڵا ئیلی، سەرپەرشیاری تیمی تاقیکردنەوەکەیە و دەڵێت: دەبوایە زووتر ڤاکسینەکان بەکاربهاتنایە، بەڵام لە ئەمریکاوە کارەکان وەستان و ئێستا لە هەوڵداین بۆ دووبارەدەستپێکردنەوە.
 
تەندروستیی ئەفریقای باشوور دەڵێت: نزیکەی 100 توێژەر بێبەش بوون و دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی پڕۆژەکە وەستێندران و دەیان توێژەریش دەستەوەستان مانەوە.
 
بۆچی ئەفریقای باشوور گرنگە بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی دژەئەیدز؟
 
بەپێی دامەزراوەی UNAids، زۆرترین هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV کە هۆکاری تووشبوونە بە نەخۆشیی ئەیدز لە جیهاندا، لە ئەفریقای باشوورە کە دەگاتە زیاتر لە 7.7 ملیۆن هەڵگر، نزیکەی 1.5 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکەش دەستیان بە چارەسەر ناگات.