خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان داهێنانێک بۆ پاککردنەوەی هەوا دەکەن
رووداو - تەندروستی
گرووپێک لە خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان داهێنانێک بۆ پاککردنەوەی هەوا و زیادبوونی ئۆکسجین دەکەن و داهێنانەکەیان لە پڕۆژەیەکی زانکۆکە پێشکێشکرد.
بیلال عەبدوڵڵا، یەکێکە لە داهێنەرانی داهێنانەکە و بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە وادەکات دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و گازە ژەهراوییەکانی دیکە بگۆڕێت بۆ ئۆکسجین، تاوەکو پیسبوونی ژینگە کەم بکاتەوە.
بیلال عەبدوڵڵا دەڵێت: ئەم پڕۆژەیە بە بەکارهێنانی جۆرێکی تایبەتە لە قەوزە کە هەمان فەرمانی دارەکان دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی خێراتر و زیاتر.
بەگوتەی ئەو خوێندکارە، داهێنانەکە لە وڵاتی چین پەیڕەو دەکرێت و سوودی زۆریان لێبینەوە، لەبارەی تێچوویەکەشیەوە گوتی، ''بۆ دروستکردنی ئەو قەوزانە و دانانیان لەنێو سندووقێکی بچووکدا لە ماڵەکان یاخود ژووری موەلیدەکان 30 بۆ 40 دۆلاری تێدەچێت''.
لە کۆتاییدا گوتی، ئەم پڕۆژەیە پێشکێش بە کۆمپانیایەک کراوە و لەژێر پەسندکردندایە بۆ ئەوەی لە گەرمیان و هەرێمی کوردستان بەکاربێت.