پسپۆڕێکی شێرپەنجە کە چاکبووەوەیەکی نەخۆشییەکەیە، ئەزموونی خۆی باس دەکات

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی شێرپەنجە کە چاکبووەوەیەکی نەخۆشییەکەیە، ئەزموونی خۆی باس دەکات و دەڵێت: ''لە قۆناخە سەرەتاییەکان دەستنیشان کرام، بۆیە لایەنی ئەرێنی زۆرتر بوو''.
 
پێش دوو ساڵ د. رێوان حوسێن کە پسپۆری نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی مەمکە لە هەولێر، تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت و دوای چارەسەرییەکان، چاک دەبێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 13-8-2025 د. رێوان حوسێن لە بووڵتەنی تەندروستیدا میوان بوو و گوتی، پاڵپشتیی ماڵباتەکەی هاندەرێکی سەرەکی بوون لە بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەکەی، هەروەها توانیویەتی ئەزموونی پزیشکیی خۆی بە چەکێک دژی شێرپەنجە بەکار بهێنێت.
 
ئەوەش باس دەکات، گوتنی هەواڵی تووشبوونی بە هاوژین و ماڵباتەکەی کارێکی قورس بووە و کە لە پشکنینەکانیش دڵنیابوونەتەوە تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە و نەشتەرگەرییان بۆ کردووە، بە دایک و باوکی نەگوتووە، بەڵکو وای پێگوتوون کە دەچێتە سەفەر، پاشان دوای نەشتەرگەرییەکە ئینجا بە دایک و باوکی گوتووە.
 
د. رێوان حوسێن چەند هەڵەتێگەیشتنێک لەبارەی شێرپەنجەی مەمکەوە راست دەکاتەوە و دەڵێت؛
 
- تەنیا لە خانماندا روونادات و لە پیاوانیش هەیە.
- جلی تەسکی ژێرەوە نابێتە هۆی شێرپەنجە.
- خواردنی شیرینییەکان نابێتە هۆی شێرپەنجە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی باش نییە ئەوانەشی کە تووش دەبن نابێت زۆر بیخۆن.
- مەرج نییە شێرپەنجە لە تاکێکی ماڵباتدا هەبوو، ئیدی ئەوانی دیکەش تووشی ببن.
- پشکنینی شانەیی نابێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و هیچ بنەمایەک نییە بۆ ئەوە، تەنانەت زۆر سەلامەتە و گرنگیشە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە.
 
لەکۆتاییدا گوتی، پێویستە هەمیشە هاوئاهەنگیی تەواو هەبێت لەنێوان پزیشک و تووشبووی شێرپەنجە، پاشانیش رێنوێنیی خانمانی کرد کە زوو پشکنین بکەن و دوا نەکەون.