مۆدێلێک گوزارشت لە زۆرینەی مرۆڤەکانی 2050 دەکات؛ 'قوربانیی زۆربەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانن'
رووداو - تەندروستی
مۆدێلێک بڵاوکراوەتەوە ''گوزارشت لە زۆرینەی مرۆڤەکانی ساڵی 2050 دەکات'' و پسپۆڕان ئاشكرای دەکەن، لێکەوتە مەترسیدارەکانی زۆربەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر مل، ئێسک، جووڵە، چاو و پێست'دا دەردەکەون.
ئەو مۆدێلە لەلایەن رێکخراو و کۆمپانیای casino دروستکراوە و بە ژیریی دەستکرد داتاکانی توێژینەوە و قسەی توێژەران تێکەڵ بە مۆدێلەکە کراوە، تاوەکو نموونەیەکی خەیاڵیی شێوەی مرۆڤەکان لە 25 ساڵی داهاتوو دروستبکات کە مرۆڤ بەهۆی زۆربەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەرەوە چی لێدێت؟
ئەو مۆدێلەی دروستکراوە، پێستێکی ناڕێک و هەستیاری هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاریگەرییەکانی ماکیاژ و بەکارهێنانی چەندان بەرهەمی جوانکاریی پێست بەبێ سنووری. هەر بۆیە مۆدێلەکە پێستێکی هەوکراو و داخوراوی پێوەیە. تەنانەت قژیشی رووتاوەتەوە و ژێر چاوەکانیشی رەش بوون کە هەموویان ئاماژەن بۆ زۆرمانەوە لەبەردەم شاشەکاندا.
مۆدێلەکە ملێکی خوار و پشتێکی ناڕێکیشی هەیە، هیوگس گیسلاین، توێژەری توێژینەوەیەکی گۆڤاری Interdisciplinary Neurosurgeryـیە لەبارەی تێکچوونی مل، ئێسک و ماسوولکەکان بەهۆی بەکارهێنانی مۆبایلەوە و دەڵێت: چەمانەوەی مل لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایلدا ملئێشە زیاد دەکات و ماسوولکەکانی مل و شانیش لاواز دەکات.
بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان، بەشێکی زۆری خەڵک هەفتانە 90 کاژێر بە بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانەوە کات بەسەر دەبەن، ئەمەش وایکردووە مرۆڤایەتی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە ببێتەوە لەبەردەم بە تەندروستمانەوەیدا.