پسپۆڕێکی کورد لەگەڵ پڕۆفیسۆرێکی ئیتاڵی کتێبێکی دەگمەنی زانستیی پزیشکی دەنووسن

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی کورد کتێبێک دەنووسێت کە دەکرێت ببێتە سەرچاوە بۆ دەیان توێژینەوەی زانستیی پزیشكی؛ کتێبەکە ناوی maxillary  sinus: a comprehensive guideـە و بە چڕی باسی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، گوێ و سەرومل دەکات.
 
د. گۆران لەتیف و پڕۆفیسۆر د. ستیفانۆ دی گیرۆلامۆ کتێبەکەیان نووسیوە و لە سەرچاوەی Springer بڵاو بووەتەوە. د. گۆران لەتیف، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت، گوێ و سەرومل نووسەری کتێبەکەیە و لە هەڤپەیڤینێکدا بە رووداوی راگەیاند، نووسینی کتێبی زانستیی پزیشکیی ئاسان نییە و چەندین ساڵی پێویستە.
 
لەبارەی کتێبەکەیەوە د. گۆران لەتیف روونی دەکاتەوە، کتێبەکە لە سەرچاوەی Springerـی جیهانی بڵاو بووەتەوە کە پەسندکردنی ئاسان نەبووە و ''جگە لەم کتێبە، دوو کتێبی دیکەشمان نووسیوە، بەڵام ئەمەیان دەوڵەمەندترە''.
 
نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت لەنێوان خەڵکانی ئەورووپا و هەرێمی کوردستان
 
د. گۆران لەتیف ئەوەش باس دەکات کە لەڕێگەی گرووپێکەوە ئامانجیانە توێژینەوە لەنێو پسپۆڕانی هەرێمی کوردستان پێشبخەن، هاوکات لەسەر نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت قسە دەکات و دەڵێت، ''باوترین نەشتەرگەریی جوانکاری، هی لووتە و رێژەی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاریی لووت لە ئەورووپا زۆر کەمە''.
 
روونی دەکاتەوە، خەڵکانی ئەورووپا لووتێکی سرووشتی و ئاساییان دەوێت کە هەناسەی باشی پێبدەن، هەروەها خەڵکانی ئەورووپا پێیان وایە، نەشتەرگەری جوانکاریی واتا جوانکردنی لووت نەک بچووککردنەوەی. بۆیە باسی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، ''بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان زۆرینەی خەڵک داوای بچووککردنەوەی لووت دەکات و لووتیش زیادبچووکبکرێتەوە کەسەکە ناتوانێت بەباشی هەناسە بدات''.
 
لووتی گۆشتن چارەسەری هەیە؟
 
د. گۆران لەتیف گوتی، ''لووتی گۆشتن کاری زیاتری دەوێت بۆ نەشتەرگەریی جوانکاری و مەرج نییە لووتی گۆشتن دوای نەشتەرگەریی جوانکاری وەکو لووتی کەسێكی ئاسایی لێبێت''، گوتیشی، هەموو نەشتەرگەرییەکی جوانکاریی لووت پێویستی بە ساڵێکە بۆ چاکبوونەوە''.
 
خەڵکانی هەرێمی کوردستان چۆن لە جوانکاریی لووت تێگەیشتوون؟
 
بەگوتەی ئەو پسپۆڕەی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت، گوێ و سەرومل: زۆرن ئەوانەی هاتوون بۆ جوانکاریی لووت، بەڵام بۆی نەکردوون، چونکە پێویستیان پێی نەبووە، هاوکات ئاشكرای دەکات، نەشتەرگەریی جوانکاریی لووت نەشتەرگەرییەکی پێویست نییە و راست نییە دەگوترێت، لووت هەمیشە گەشە دەکات و گەورە دەبێت.
 
باسی ئەوەشی کرد، بچووککردنەوەی لووت جیاوازە لەگەڵ جوانکاریی لووت و زۆرجار بچووککردنەوەی لووت، کێشەی هەناسەدانی بەدوادادێت.
 
نەخۆشییەکی باوی قوڕگ و لووت و گوێ لەنێو منداڵان
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دکتۆر لونادا، د. گۆران لەتیف گوتی، مەرج نییە هەموو پرخەپرخێک گۆشتی زیادە یاخود جیوب بێت و لە منداڵدا نەخۆشیی جویب کەمە، بەڵام بە هەڵە دەستنیشانکراوە. هۆکاری ئەو نەخۆشییەی نێو منداڵانیش بە نەخۆشییەکانی لەوزەتێنی سێیەم ناودەبات کە دەکەوێتە پشتی لووتەوە.
 
''لووتی ناسرووشتی''
 
بەپێی د. گۆران لەتیف، خەڵکانێکی زۆر هەن داوای لووتی ناسرووشتی دەکەن، بەڵام بۆیان ناکات، چونکە دەیانەوێت بە ناسرووشتی دەستکاری لووتیان بکرێت کە لەگەڵ روخساریان ناگونجێت، ئەوەشی گوت کە پسپۆڕان پێش نەشتەرگەری، چارەخواز ئاگادار دەکەنەوە کە لووتیان دوای نەشتەرگەری چۆن دەبێت.
 
سەرچاوەی جیهانیی Springer چییە؟
 
سپرینگەر کۆمپانیایەکی ئەمریکیی نووسین و وەشاندنی توێژینەوە و دۆزینەوەی پزیشکیی جیهانییە کە ئێستا زیاتر لە 2900 گۆڤار و 300000 کتێبینی پزیشکی تێدایە. ئەوەش جێگەی بایەخە کە کوردێک یەکێکە لە نووسەری ئەو کتێبەی کە لە springerـی جیهانی بڵاوبووەتەوە و ئەو کتێبەش دەکرێت ببێتە رێنیشاندەر و گایدڵاین بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو واتا دەکرێت توێژەران پشتی پێبەستن و لە توێژینەوەکانیان وەکو سەرچاوە بینووسن.
 
نووسینی کتێبی هاوشێوە کارێکی ئاسانە؟
 
نووسینی کتێبێکی زانستی و پزیشکی بەتایبەت ئەگەر لە سەرچاوەی springerـی جیهانییەوە بڵاو ببێتەوە کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە چەندان پێداچوونەوە و وردی و چڕیی بابەتەکان هەیە و ساڵانە 13 هەزار کتێب بڵاو دەکاتەوە کە هەر یەکەیان چەندان ئیدیتەری ئەو سەرچاوەیە کتێبەکان هەڵدەسەنگێنن و زۆرێکیش قبووڵ ناکرێن بڵاو بکرێنەوە، چونکە مەرجەکانیان تووندن. بەتایبەت بۆ نووسینی کتێبێکی لەم شێوەیەی د. گۆران کە وەکو نووسینی کتێبینی گێڕانەوە و شێوازی ژیان و تاکەکەسی نییە و کتێبێکی زانستیی پزیشکیی گایدڵاینە کە دەکرێت ببێتە سەرچاوە بۆ چەندان توێژینەوەی داهاتوو لە پسپۆڕییەکە.