پڕۆفیسۆرێکی ئیتاڵی لە رووداوەوە: دەمانەوێت ببینە رێنیشاندەر بۆ پزیشکانی کوردستان

رووداو - تەندروستی

د. گۆران لەتیف و پڕۆفیسۆر د. ستیفانۆ دی گیرۆلامۆ کتێبێک دەنووسن کە دەکرێت ببێتە سەرچاوە بۆ دەیان توێژینەوەی زانستیی پزیشكی؛ کتێبەکە ناوی maxillary  sinus: a comprehensive guideـە و بە چڕی باسی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، گوێ و سەرومل دەکات.
 
ئەمڕۆ شەممە 13-9-2025 پڕۆفیسۆر د. ستیفانۆ دی گیرۆلامۆ، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ لە ئیتاڵیا لە ستۆدیۆی رووداو لە سلێمانییەوە رایگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە ببینە رێنیشاندەرێک بۆ هەموو پزیشکانی هەرێمی کوردستان.
 
لەبارەی د. گۆرانەوە گوتی، نزیکەی 10 ساڵە یەکدی دەناسین و زۆر سەرسامم بە کارەکانی بەتایبەت لە نەشتەرگەریدا، ئەمەش وای لە من کرد بەردەوامبن لە پەیوەندیکردن لەگەڵیدا و کتێبێکی لەو شێوەیە بنووسینەوە.
 
لەبارەی نەشتەرگەریی لووتەوە دەڵێت: تەکنیکی وردی پێویستە و پێویستە بەگوێرەی دەموچاوی چارەخوازەکە بێت، واتا نابێت زێدەڕۆیی لە بچووککردنەوە یاخود دەستکاریکردنی بکرێت.
 
نهێنیی تەمەندرێژیی ئیتاڵییەکان ئاشکرا دەکرێت
 
پڕۆفیسۆر د. ستیفانۆ دی گیرۆلامۆ رایدەگەیێنێت، پێشووتر لە ئیتاڵیا تەمەنی تێکڕای کەسێک 50 ساڵ بوو، بەڵام ئێستا بووە بە 80 بۆ 84 ساڵ.
 
ئەو پێی وایە هۆکارەکانی تەمەندرێژبوونی ئیتاڵییەکان پەیوەندییان بە (بۆماوە، شێوازی ژیان و کواڵیتیی هەواوە) هەیە، باسی خۆراکی تەندروستیش دەکات کە هۆکارێکی هەرە گرنگە.
 
ژیریی دەستکرد جێگەی پزیشك دەگرێتەوە بۆ نەشتەرگەرییەکانی قوڕگ، لووت و گوێ؟
 
ئەو پڕۆفیسۆرە بە نەخێر وەڵامی دایەوە و گوتی، ''دەتوانین لە هەندێك نەشتەرگەری بۆ یارمەتیدانی پزیشک بەکاربێن، چونکە یارمەتیدەرێکی باشە''.
 
''پرخە هەناسەتەنگی لەگەڵدا نەبوو، کێشە نییە''
 
پرخەپرخ کێشەیەکی باوی نێو خەڵکە و بەتایبەتیش هاوژینان رقیان لەمە دەبێتەوە، ئەو پڕۆفیسۆرە دەڵێت: ئەگەر هۆکاری پرخەکە لە لووت یاخود سییەکاندا بوو و هەناستەنگی لەگەڵدا بوو، ئەوا پێویستە چارەسەر بکرێت.
 
ئەوەش پێشنیاز دەکات، کە هاوژینان دەتوانن هەر کامیان پرخەیان هەبێت، ژوورەکەیان بگۆڕن یاخود تەنێکی بچووک دابنێن کە پرخەپرخ کەم دەکاتەوە. تەنانەت پڕۆفیسۆر د. ستیفانۆ وەرزش و کەمخۆریی پێش نووستن بە کاریگەر دادەنێت بۆ کەمکردنەوەی پرخە.