کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا: گۆشتی زیادبرژاو مادەی شێرپەنجەیی لێبەرهەم دێت

رووداو - تەندروستی

نوێترین راپرسیی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، 80٪ـی ئەمریکییەکان ئاگادار نین کە گۆشتی برژاو مادەی شێرپەنجەیی لێبەرهەم دێت و مەترسیدارە.
 
کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، زۆربرژاندنی گۆشتی سوور یاخود کەباب مادەی شێرپەنجەیی دروستدەکات، پسپۆڕێک روونی دەکاتەوە، هەریەک لە مادەکانی ئەمینۆ هێتیرۆسایکڵیک HCA و هایدرۆکاربۆنە بۆندارە پۆڵیسایکڵیکەکان PAH لە ئەنجامی زۆربرژاندنەکە بەرهەمدێن.
 
د. دانیاڵ لانداو، پسپۆڕی شێرپەنجە لە زانکۆی کارۆلینای باشوور دەڵێت، ئەو مادانە گۆڕانکاری لە بۆماوەمادەی DNAـی خانەکان دەکەن و تێکیان دەدەن، بەمەش خانەی شێرپەنجەی دروستدەکەن بەتایبەت شێرپەنجەکانی (کۆڵۆن، رێکە، پڕۆستات، پەنکریاس و مەمک).
 
پسپۆڕە بۆ خۆپاراستن لەم مەترسییە ئەمانە پێشنیاز دەکات؛
 
- خۆشکردنی گۆشت بە تێکەڵەی پیاز، سیر، بەهارات، تەماتە و لیمۆ؛ دروستبوونی مادە شێرپەنجەییەکە کەمتر دەکاتەوە لەکاتی برژاندن.
 
- ئاگالێبوونی گۆشتەکە لەکاتی برژاندندا و نەهێڵدرێت رەش ببێتەوە.
 
- گۆشت بکوڵێندرێت ئینجا بخرێتە سەر ئاگر و ببرژێندرێت.
 
- لابردنی بەشە رەشەکەی کە لەسەر گۆشت و کەباب دروستدەبێت؛ چونکە ئەوە هەمووی شێرپەنجەییە.
 
- هەڵبژاردنی گۆشتی مریشک یاخود ماسی لەبری گۆشتی سوور بۆ برژاندن.