وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا: نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوونەتە پەتا
رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا رایدەگەیێنێت، پابەندیی سیاسی بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە هەموو شتێک پێویستترە. ئەوەشی بە کاری لەپێشینەی حکومەتەکان زانی کە لەڕووی سیستمی سیاسییەوە بایەخ بە تەندروستیی گشتی بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-10-2025 کە دووەم رۆژی لووتکەی تەندروستیی جیهانییە لە ئەڵمانیا، نینا وارکین، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا رایگەیاند، ''زیاتر لە 60 ساڵە بەردەوامین لە ریفۆرمکردنی سیستمی تەندروستیی وڵاتەکەمان''.
هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکات، ئێستا نەخۆشییە درێژخایەنەکان بوونەتە پەتا لەکاتێکدا کە لە ساڵانی رابردوو تەنیا بەشێکی کەمی خەڵک تووشیان بووبوون وەکو (بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە، شێرپەنجە و بەرزەچەوریی خوێن).
لەبارەی هەڵمەتەکانی وڵاتەکە دژی تووتن، نینا وارکین گوتی، کاردەکەین لەسەر دوورخستنەوەی هاووڵاتییانمان لە تووتن و خواردنەوە کحولییەکان، هەروەها هاندانیان لەسەر جووڵە و وەرزشی بەردەوام.
لە کۆتاییدا ئەوەی باس کرد، دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی ئەڵمانیان و پێشگیری لە نەخۆشییەکان پێشینەی کارەکانی ئەو و حکومەتی ئەڵمانیان.
لووتکەی تەندروستیی جیهانی
لووتکەکە بە سەرپەرشتیی ئیمانیۆڵ ماکڕۆن، سەرۆکی فەرەنسا و فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و لە 12 تاوەکو 14ی ئەم مانگە لووتکەی تەندروستیی جیهانی (WHS 2025)، لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا دەبێت و لووتکەکە بە دروشمی "وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی تەندروستی لە جیهانێکی پارچەپارچەبوودا" کار دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ئاڵنگارییە تەندروستییە جیهانییەکان.
ئەم کۆبوونەوە سێ رۆژییە، کە بە یەکێک لە پلاتفۆرمە سەرەکییەکانی تەندروستیی جیهانی دادەنرێت، زیاتر لە چوار هەزار بەشداربووی بە راستەوخۆ و 10 هەزار بەشداربووی ئۆنڵاین کۆدەکاتەوە. لەنێویدا زیاتر لە 70 پانێڵ و 400 قسەکەر لە بوارەکانی سیاسەت، زانست، کەرتی تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری تێدا دەکەن.
بەرنامەی لووتکەکە تیشک دەخاتە سەر چەند پرسێکی گرنگی تەندروستیی جیهانی، لەوانە: کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر تەندروستی، داهێنانە دیجیتاڵییەکان لە تەندروستیدا، یەکسانی لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ئامادەکاری بۆ پەتای داهاتوو، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و بەرەنگاربوونەوەی بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان.