چیرۆکی ئەم پزیشکە و منداڵە تازەلەدایکبووەکەی باوەشی لە فریاکەوتنی کەلار بزانە
رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار وێنەی خانمە پزیشکێکی پسپۆڕ بڵاو کراوەتەوە کە خۆی شیر بە منداڵێکی تازەلەدایکبووی ناکام دەدات، پزیشکەکە دەڵێت، ئەو ژنەی لەگەڵ منداڵەکە بووە، نەیزانیوە شیری پێبدات و بۆ ئەوەی منیش وەکو پزیشکی منداڵەکە دڵنیابم لە تەندروستیی، خۆم شیرم پێیدا.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-10-2025 د. ڤیان عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بە رووداوی راگەیاند، دوێنێ شەو منداڵەکە پێشوەختە و لە هەفتەی 34دا لەدایکبووە، ئەمڕۆ بۆ چاودێریی دۆخەکەی هێناویانەتە فریاکەوتن و سەرەنجام تەندروست بوو و پێویستی بەوە نەدەکرد بنێردرێتە چاودێریی چڕ لە سلێمانی.
ئەو باسی ئەو ساتە دەکات کە شیری بە منداڵەکە داوە و دەڵێت: ''هەستم کرد ئەو ژنەی لەگەڵ منداڵەکەیە نەیدەزانی شیری پێبدات، بۆیە خۆم وا ئاسوودەبووم کە شیری بۆ بگرمەوە و پێی بدەم، تاوەکو ببینم کە تەندروستە ئینجا بینێرینەوە ماڵەوە''.
د. ڤیان عومەر هۆشداری دا کە باشترە ئەو خانمانەی لەگەڵ منداڵی ناکامدا دێنە فریاکەوتن شارەزاییان لە بەخێوکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە منداڵانە هەبێت، چونکە لەو کاتەدا منداڵەکان زۆر هەستیارن.
د. ڤیان لێکەوتەکانی پێشوەختەلەدایکبوونی منداڵ باس دەکات وەکو؛
- لاوازیی و نەبوونی توانای مژینی گۆی مەمکی دایک.
- دابەزینی رێژەی شەکری خوێن.
- هەناسەتەنگی.
- بێهێزی و لاوازی.
باسی کێشەیەکیشی کرد لە کەلار و گوتی، تائێستا بەشی چاودێریی چڕ (ژووری شووشەیی) بۆ منداڵی ناکام نییە و هەر منداڵێک پێویستی پێبێت، دەبێت بنێردرێتە سلێمانی کە ئەمە خەرجیی زۆرە بۆ خێزانی منداڵەکە.