رێکخراوی WHO داوا دەکات، باج لەسەر خواردنەوە کحول و شەکردارەکان زیاد بکرێت

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەرزەنشتی وڵاتان دەکات کە خواردنەوە شەکردارەکان و کحول زۆر بە ئاسانی و لەپێشچاوی خەڵک دەستدەکەون. رێکخراوەکە بەردەستبوونی ئەوانەش بە هۆیەکی سەرەکیی زیادبوونی قەڵەوی دادەنێت.
 
مایک رێینەر، توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت: ''زۆربەمان هاوڕاین لەسەر ئەوەی شەکر هێشتا کێشەیەکی گەورەی تەندروستی گشتییە. هۆکارێکە بۆ نەخۆشی شەکرە، لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، بۆ خراپبوونی ددانەکان، هەموو جۆرە کێشەیەکی تەندروستی. بۆیە پێویستە لە هەر شوێنێک بتوانین شەکر کەم بکەینەوە."
 
پسپۆڕان بەرهەمە شەکردارەکان و شیرینییەکان بە مەترسیی جیدی دادەنێت لەسەر هەر تاکێکی مرۆڤ.
 
د. کریستۆڤەر سنۆودۆن، سەرۆکی بەشی ئابووریی شێوازی ژیان لە پەیمانگەی IEA گوتی، ''بۆ نزیکەی هەموو بڕاندێکی خواردنەوە گازییەکان، جۆرێکی شەکردار و کەمشەر یاخود زیڕۆشەکر هەیە کە لەگەڵ تامی و حەزی خەڵکدا دەگونجێت، ئەوەی شەکرداری پێباش نییە دەتوانێت سوود لەوانی دیکە ببینێت''.
 
بەپێی تەندروستیی جیهانی، حکومەتەکان دەبێت باج لەسەر کحول، خواردنەوە شەکردارەکان و تووتن سێ ئەوەندە زیاد بکەن. ئەمەش تاوەکو 10 ساڵی دیکە بەردەستبوونیان و ئاسانکڕینیان کەم دەبێتەوە.