بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکەوە 300 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵانی دهۆک خەوێندراون

رووداو دیجیتاڵ
 
ڤایرۆسێک لە دهۆک بڵاوبووتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 300 منداڵ لە نەخۆشخانەی هێڤی تایبەت بە منداڵان خەوێندراون.
 
دکتۆر نزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ڤایرۆسی (RSV) ساڵانە هەیە، بەڵام بڵاوبوونەوەکە ئەم ساڵ زۆر زیاترە، جیا لەوانەی خەوێندراون چەندین نەخۆشی دیکەش رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە".
 
کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، کۆکە، پژمین، هەبوونی تا و هەناسەسواربوون لە نیشانە دیارەکانی ڤایرۆسەکەن.
 
ئەو منداڵانەی تووشی نەخۆشییەکە بوون زۆرینەیان لە تەمەنی یەک رۆژ بۆ دوو ساڵیدان. دکتۆر نزار بەکر ئامۆژگاری دایکان دەکات، بۆ پاراستنی منداڵەکانیان شیری خۆیانیان پێبدەن و پاکوخاوێنییان بپارێزن.
 
ڤایرۆسی کۆئەندامی هەناسە RSV ڤایرۆسێکی درمییە و دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانی تووشبوو. ڤایرۆسەکە لە رێگەی هەواوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێتەوە. دکتۆر نزار بەکر دەڵێت، منداڵان و بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان زیاترە لە شەش ساڵ و دەچنە قوتابخانەکان باشترە ماسک بەکاربهێنن.
 
 
ڤایرۆسەکە تایبەت نییە بە منداڵان و لەنێو گەورەشدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئێستا لە دهۆک زیاتر لەنێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی ئاماژەی بەوەش کرد، رێژەی مردنی منداڵ بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە "زۆر کەم و دەگمەنە".
 
نەخۆشخانەی هێڤی تایبەت بە منداڵان لە دهۆک 200 قەرەوێڵەی بۆ مانەوەی نەخۆش هەیە و ئێستا زیاتر لە توانای خۆی منداڵی تێدا خەوێندراوە.