مانگی سووری ئێران: 160 ناوەندی تەندروستی لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج

رووداو - تەندروستی

سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی "جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل بەرامبەر ئێران"، کەرتی تەندروستی و تیمە فریاگوزارییەکان کراونەتە ئامانج و زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.
 
پیرحوسێن کولیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئاشکرای کرد، 160 ناوەندی تەندروستی کە نەخۆشخانە، بنکەی فریاکەوتنی خێرا و دەرمانخانەیان لەخۆگرتووە، کراونەتە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشانەوە 9 نەخۆشخانە بە تەواوی لەکارکەوتوون و ناتوانن خزمەتگوزاری پێشکێش بکەن.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "16 لقی کۆمەڵەی مانگی سوور کراونەتە ئامانج، هەروەها 21 ئۆتۆمبێلی رزگارکردن و 19 ئەمبوڵانس بە ئامانج گیراون، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا حەوت کارمەندی خۆبەخشی مانگی سوور بریندار بوون و کارمەندێکیش گیانی لەدەستداوە."
 
پیرحوسێن کولیوەند زیاتر گوتی، "جگە لە تیمەکانی ئێمە، لە کەرتی تەندروستیدا بە گشتی 12 کارمەندی دیکە شەهید بوون و 78 کەسی دیکەش بریندار بوون."