سعودیە دەرمانێکی نوێی بۆ شێرپەنجەی سییەکان و میزڵدان پەسند کرد

رووداو - تەندروستی

دەستەی خۆراک و دەرمانی سعودیە (SFDA) دەرمانی ئانکتیڤا (Anktiva)ی بۆ چارەسەری شێرپەنجەی میزڵدان و سییەکان پەسەند کرد.
 
د. پاتریک سوو پەسەندکردنی دەرمانەکەی لە سعودیە بە خاڵی وەرچەرخانی زانستی و سیاسی ناوبرد و رایگەیاند: "ئێستا بەڵگەی زۆر هەیە، چەندین تاقیکردنەوە و 10 ساڵ کارکردن دەریخستووە کە ئەم دەرمانە تەمەنی تووشبووان درێژ دەکاتەوە، هەر جۆرێکی شێرپەنجەی وەک شێرپەنجەی مەمک، سییەکان، پەنکریاس یان گرێی مێشک بێت، بۆیە ئەمە چارەسەرێکی گشتگیرە".
 
ئانکتیڤا کە لەلایەن کۆمپانیای ئیمیوونیتی بایۆ (ImmunityBio) بەرهەم هاتووە، چارەسەرێکی بەرگرییە کە خانە بکوژە سروشتییەکان (NK cells) و خانەکانی Tی بیرگە (memory CD8⁺ T cells) چالاک دەکات و ژمارەیان زیاد دەکات, بەپێی کۆمپانیاکە ئەمە یەکەم چارەسەری بەرگرییە کە لەلایەن FDAـەوە پەسەند کراوە.
 
پەسەندکردنی دەرمانەکە لە سعودیە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) تەنیا بۆ جۆرێکی دیاریکراوی شێرپەنجەی میزڵدان (NMIBC) رێگەی بە بەکارهێنانی داوە و داواکارییەکانی بۆ فراوانکردنی رەتکردووەتەوە.