پسپۆڕێکی بۆماوەزانی: جەنگ مەترسیی تیشکی ناوەکی و تێکچوونی بۆماوەیی مرۆڤی لێدەکەوێتەوە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بایۆلۆژی و بۆماوەزانی دەڵێت، جەنگ کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروستدەکات، دەبێتە هۆی تێکچوونی بۆماوە مادە و زیادبوونی ئەگەری شێرپەنجە.
ئەمڕۆ شەممە 14-3-2026 محەممەد جەرجیس پسپۆڕی بایۆلۆژی و بۆماوەزانی لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند "یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکانی جەنگ، بەرکەوتنە بە تیشکی ناوەکی، ئەو کەسانەی کە لە دووری 5 کیلۆمەتر لە ناوچەی تیشکدانەوەی ناوەکین، ئەگەری تووشبوونیان بە چەندین کێشەی تەندروستی هەیە، وەک خوێنبەربوون، تێکچوونی سیستمی بەرگریی لەش، شێرپەنجە و زیان گەیشتن بە DNA."
محەممەد جەرجیس گوتی "تەنیا کاریگەرییە فیزیاییەکان نیین، بەڵکو ترس لە جەنگ کاریگەریی لەسەر شێوازی کارکردنی بۆماوەیی مرۆڤ هەیە و دەتوانێت لێکەوتەی دەروونیی درێژخایەنی هەبێت."
هاوکات، ئەو پسپۆڕەی بایۆلۆژی و بۆماوەزانی هۆشداریی دا لەبارەی چەکە کیمیاییەکانەوە و گوتی، "چەکە کیمیاییەکان بۆماوەی مادەی مرۆڤ تێکدەشکێنن و ئەگەری لەدایکبوونی منداڵی ناکام (پێشوەختە) زیاد دەکەن."
لەکۆتاییدا محەممەد جەرجیس چەند رێکارێکی بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەی زیانەکان خستەڕوو، لەوانە: چاودێریی تەندروستیی بەردەوام، ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە، پاککردنەوەی ژینگە لە مادە زیانبەخشەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاریی دروست بۆ هاووڵاتییان.
بازدانی بۆماوەیی بەم هۆکارانە روودەدات
- هەڵە لەکاتی دابەشبوونی خانەکان
-هۆکارە ژینگەییەکان
-ڤایرۆس و بەکتریایەکان
-مادە کیمیاییەکان
گۆڕان لە خوێندنەوەی زنجیرەی DNA روودەدات
-شێوازی ژیان
-گوشاری دەروونی
-پەیوەندی کۆمەڵایەتی
-تەمەن