هۆشداری بۆ ملیۆنان کەس؛ دەرمانی دابەزاندنی چەوری بەکاربهێنن با دووربن لە جەڵتەی دڵ و مێشک

رووداو - تەندروستی

بڕیارێکی پزیشکی و تەندروستیی جیهانی لەبارەی کەمکردنەوەی چەوریی زیانبەخشی خوێن ئاشكرا دەکرێت، ''دەبێت لە 30 ساڵییەوە دەست بە بەکارهێنانی دەرمانەکانی کەمکردنەوەی چەوری بکرێت'' بەمەش ملیۆنان کەس لە جەڵتەی دڵ و مێشک و لێکەوتەکانی دەپارێزرێن، بەڵام بە مەرج.
 
لەلایەن کۆلێژی ئەمریکی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و کۆمەڵەی پسپۆڕانی دڵ لە ئەمریکا، هۆشداری دەدرێتە ئەو گەنجانەی چەوریی خراپی خوێنیان بەرزە و دەگوترێت کە پزیشکان راستەوخۆ دەرمانەکانی دابەزاندنی چەورییان بۆ بنووسن.
 
لە نوێترین رێنوێنییەکانی ئەو کۆلێژ و کۆمەڵەیەدا هاتووە، ئەگەر ئەوانەی چەوریی زیانبەخشیان بەرزە، زوو بخرێنە سەر دەرمان، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک دوور دەکەونەوە.
 
بەپێی رێنوێنییەکە، دەبێت بەکارهێنانی دەرمانی ستاتینەکان هاوتەریب بێت لەگەڵ پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست. پزیشکان پێشنیاز دەکەن، ئەوانەی لە 30 ساڵ بەرەو سەرەوەن و ئاستی چەورییە خراپەکەشیان لە (160 میلیگرام بۆ هەر دیسلیترێک زیاترە) دەکرێت دەرمانی ستاتینەکان بەکاربهێنن، بەمەرجێک ئەگەر لە ماڵباتەکەیان تووشبووی جەڵتە هەبێت واتە بۆماوەییانە جەڵتەیان لەگەڵدا بێت.
 
د. جێنیفەر هیس، بەڕێوەبەری سەنتەری دڵی خانمان لە نیویۆرک دەڵێت: سوودەکانی بەکارهێنانی دەرمانی ستاتینەکان لە تەمەنی گەنجیدا رێگرە لە تەسکبوونەوەی لوولەکانی خوێن بە چەوریی زیانبەخش (LDL)، چونکە بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن و بە دڵنیاییەوە کاریگەریی جیدی هەیە.
 
ئامارەکان قسە دەکەن
 
بەگوێرەی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا، لە جیهاندا هەر 34 چرکەیەکدا کەسێک بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێنەوە گیان لەدەستدەدات. لە ئەمریکاش سێیەکی خەڵکی چەوریی خراپیان بەرزە کە پیاوان پشکی شێریان بەرکەوتووە، سەرەکیترین هۆکاری گیرانی لوولەکانی خوێنیش بەهۆی بەرزیی چەورییەوەیە.
 
چەوریی خراپ چییە؟
 
چەوریی LDL کە ناسراوە بە چەوریی خراپ یان چەوریی جەڵتە، چەورییەکی نێو لوولەکانی خوێنە، ئەگەر رێژەی ئاسایی بێت، فەرمانی کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆڵی نێو خوێنە. بەڵام ئەگەر رێژەکەی بەرز ببێتەوە لەنێو لوولەکانی خوێندا کەڵەکە دەبێت، ئەمەش بە هۆکاری خووی ناتەندروستی رۆژانە یاخود بۆماوەییە.