هۆشداری لە هەڵەیەک لەکاتی لێنانی برنج دەدرێت؛ دەبێتە هۆی شێرپەنجە

رووداو - تەندروستی

پسپۆڕ و ئەندازیارێکی خۆراک هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان لەبارەی هەڵەیەک کە لەکاتی لێنانی برنجدا دەکرێت و دەڵێ، دەبێتە هۆی شێرپەنجە. پسۆڕێکی دیکەش زیانێکی مەترسیداری لەنێو خانمان باس کرد.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 14-4-2026 لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراک بە رووداوی راگەیاند، زۆرجار بۆ لێنانی برنج یاخود شلە نایلۆن و سفرەی سەفەری بۆ سەری مەنجەڵ بەکاردێت تاوەکو هەوا نەدات. ئەمەش لەڕووی تەندروستییەوە زیانی هەیە.
 
لەشکر حەمید روونی دەکاتەوە، ئەو نایلۆنە تەنکە و کاتێک بەر ئەو پلە گەرمییە زۆرە دەکەوێت، مادەکانی نێوی شیدەبنەوە کە یەکێکیان مادەی بیسفینۆڵ Aـیە و تێکەڵی خۆراکەکە دەبێت و لەکاتی خواردنی دەچێتە جەستەوە. 
 
ئەو مادەیەش هۆکارێکە بۆ
 
- تێکچوونی هۆڕمۆنەکان
- ناڕێکیی گەشە
- دواکەوتنی ئاستی ژیری
- ناڕێکیی فەرمانەکانی مێشک
- زوو تووشبوون بە شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن ''زەخت''
- شێرپەنجە
 
هەر ئەمڕۆ د. رۆندک ئەحمەد، پسپۆڕی بایۆکیمیستری و سەرۆکی بەشی خۆراکزانی و پارێزی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی بە رووداوی رایگەیاند، مادەی زیانبەخش لەنێو هەر جۆرە نایلۆنێک هەیە کە بەرگەی پلەی گەرمیی بەرز نەگرێت، چونکە شیدەبێتەوە و تێکەڵ بە خۆراک و ژینگە دەبێت.
 
د. رۆندک ئەحمەد دەڵێت: ئەگەر (بەزۆری) ئەو نایلۆنە یاخود ئەو پلاستیکانەی بەر پلەی گەرمیی بەرز دەکەون و بەکاربێن و ئەو خۆراکەش بخورێت کە بەر ئەو نایلۆنانە کەوتووە، ئەوا دەشێت هۆڕمۆنەکان تێکبدەن و لە خانمانیش کیسی هێلکەدان دروستبکەن. 
 
هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، پەڕۆ یاخود سەرقاپی سلیکۆنی بۆ سەری مەنجەڵ بەکاربێت، ئەمەش لەبری ئەو نایلۆنەی کە دەکرێتە سەر مەنجەڵ.