تەندروستیی هەولێر: بەهۆی خۆڵبارینەوە 41 تووشبووی هەناسەتەنگی لە نەخۆشخانەکان تۆمار کراون
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی خۆڵبارینی دوێنێوە 41 تووشبووی هەناسەتەنگی لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون، پسپۆڕێکیش هۆشداری دەداتە ئەوانەی جگەرە دەکێشن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-5-2025 د. سەمیر خۆشناو، پسپۆڕی پزیشکیی فریاکەوتن لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگاری بە رووداوی راگەیاند، زیاتر لە چوار کەس هاتوونەتە فریاکەوتنەکە و زۆرینەشیان ئەوانەبوون کە رەبۆ، هەستیاری، پەککەوتنی سییەکان و دڵیان هەبووە.
د. سەمیر خۆشناو گوتی، هەندێک نەخۆش بەهۆی زۆریی ماوەی جگەرەکێشانیان سییەکانیان پەکیان کەوتووە کە گرووپی مەترسیدارن بۆ خۆڵبارین.
ئەو پسپۆڕەی فریاکەوتن گوتی، ئەمانەی خوارەوەش گرووپە مەترسیدارەکان بۆ کاریگەریی خۆڵبارین کە دەشێت خۆڵبارین تووشی کێشەی تەندروستییان بکات وەکو؛
- تووشبووانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە
- تووشبووانی رەبۆ و شێرپەنجە
- منداڵ و بەساڵاچووان
- خانمانی دووگیان
- ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە
- ئەوانەی هەستیارییان هەیە
- کەسانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێش
سامان سەلمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ئەم بەیانییە بڵاوی کردووەتەوە، 41 هاونیشتمانی کە بەرکەوتەی خۆڵبارین بوون، بەهۆی هەناسەتەنگییەوە چوونەتە هەریەک لە فریاکەوتنەکانی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر، نەخۆشخانەی رزگاری، نەخۆشخانەی هەریر، بنکەی تەندروستیی خەبات و نەخۆشخانەی گشتیی شەقڵاوە.
هاوکات تەندروستی سلێمانی رایدەگەیێنێت، 12 کەس بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و تووشی هەناسەتەنگی بوون.
سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای وەرگرتنی رێکارە تەندروستییە پێویستەکان زۆربەیان رەوانەی ماڵەوە کراون و چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە.
لەبارەی کەرکووکیشەوە، تەندروستیی پارێزگاکە رایدەگەیێنێت، تووشبوون بە هەناسەتەنگی لە ئەنجامی خۆڵبارین وایکردووە، 129 کەس بچنە نەخۆشخانەکان، جگە لەوەش محەممەد عادل دەڕاجی، گوتەبێژی تەندروستی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەو خۆڵباراینەی لە دوێنێوە پارێزگاکەی گرتووەوەتەوە، 27 کەس بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە گوێزراونەتەوە.