بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک: لەم کاتەی ئێستا باشترە گۆشتی کوڵاو بخورێت
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک رایدەگەیێنێت، لەم کاتەی ئێستا باشترە گۆشت بە کوڵاوی بخورێت و بە باشیش بکوڵێندرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-5-2025 دکتۆر نیشتمان عارف، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی دهۆک لە سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ تای خوێنبەربوون لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر بە دروستی مامەڵە لەگەڵ گۆشتدا بکرێت و لە شوێنی دروست ئاژەڵ سەرببڕدرێت و گۆشتی رێگەپێدراو بخورێت، ئەوا هاونیشتمانییان نابێت ترسیان لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە هەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک لەبارەی ئەوەی کە گۆشت ببرژێندرێت سەلامەتە یاخود بکوڵێندرێت؟ دکتۆر نیشتمان عارف لە وەڵامدا گوتی، ''بە دروستی بکوڵێندرێت زۆر باشترە، هەرچەندە بە برژاندنیش گەرمایی بەردەکەوێت، بەڵام کوڵاندنەکە باشترە''.
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاژەڵ دەکەی؟
* ئەو ئاژەڵانەهەڵبژێرە کە گەنە و مێش و مەگەزیان پێوە نییە.
* لەکاتی سەربڕیندا دووربکەرەوە لە شوێنەکە و با هیچ بەرکەوتەیەکت لەگەڵ گۆشت و پاشماوەی ئاژەڵەکە نەبێت.
* پێش سەربڕین و دوای سەر بڕین پشکنین بۆ ئاژەڵە بکرێت.
کاتێک گۆشتەکە دەبەیتەوە ماڵەوە
* بە دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت گۆشتەکە لەت لەت بکرێت.
* ئەو چەقۆیەی بەکاردێت واباشترە فڕێ بدرێت یاخود دوای کارەکە بە فاست بشۆردرێت.
* سەرجەم خوێن و پاشماوەکان بخرێنە نیو کیسە و لە شوێنی تایبەت فڕێ بدرێن.
* لەکاتی بەرکەوتن بە گۆشتەکە دەستەکان بشۆردرێن و دەست نەبرێت بۆ دەم لووت.
کاتێک گۆشتی قوربانیتان بۆ دێت
* راستەوخۆ بیخەرە نێو بەفرگر بۆماوەی 24 کاژێر.
* دواتر بیخەرە نێو ساردکەرەوە بۆ ئەوەی خاو ببێتەوە.
* چەند کاژێرێک بیکوڵێنە یاخود بیکە بە کەباب و بیبرژێنە ئاساییە.