پزیشکێکی ئەمریکی کە لەنێو کەشتیی هۆندیۆس دا بوو کەرەنتینی تایبەتی بەجێهێشت

رووداو دیجیتاڵ

پزیشکێکی پسپۆڕی شێرپەنجە کە لەنێو ئەو کەشتیی هۆندیۆسی گەشتیارییەدا بوو کە هانتاڤایرۆسی تێدا بڵاوبووەوە، رێگەی پێدرا یەکەی تایبەتیی کەرەنتینی بایۆلۆجی لە ویلایەتی نێبراسکای ئەمریکا بەجێبهێڵێت.
 
د. ستیڤن کۆرنفێڵد، خەڵکی ویلایەتی ئۆریگۆنە و یەکێک بوو لە سەرنشینانی کەشتی گەشتیاریی هۆندیۆس دایە  لەگەڵ زیاتر لە 120 سەرنشین و تیمی کەشتییەکە کە لە کەشتییەکە دەرهێندران و بۆ وڵاتانی جیاواز گواسترانەوە بۆ کەرەنتینکردن، کۆرنفێڵد لەگەڵ 15 ئەمریکیی دیکەدا هێنرایە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی نێبراسکا، بەڵام ئەو تاکە کەس بوو کە برایە یەکەی کەرەنتینی بایۆلۆجی، دوای ئەوەی پشکنینێکی لووتی لەنێو کەشتییەکەدا ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی نەبوو سەبارەت بەوەی ئایا ڤایرۆسەکەی هەیە یان نا.
 
سەنتەری پزیشکیی زانکۆی نێبراسکا رایگەیاند، کۆرنفێڵد ئێستا دەچێتە پاڵ 15 ئەمریکییەکەی دیکە کە بۆ چاودێریکردن لە یەکەی کەرەنتینی نیشتمانیدان.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راسپاردەی کردووە کە گەشتیاران و تیمی کەشتییەکە بۆ ماوەی 42 رۆژ لە  کەرەنتیندا بمێننەوە.