پزیشکێکی ڤێتێرنەری: پێویستە پزیشکی ڤێتێرنەری سەرپەرشتیی شێڵتەری سەگی بێلانە بکات

رووداو - تەندروستی 

پزیشکێکی ڤێتێرنەری رایدەگەیێنێت، شێڵتەرە نوێیەکانی سەگە بێلانەکان پێویستە لەژێر چاودێریی پزیشکانی ڤێتێرنەریدا بن، چونکە نەزۆککردن و مامەڵەکردن لەگەڵ رەوشتی سەگەکان پەیوەیستە بە پسپۆڕی ڤێتێرنەرییەوە.
 
دکتۆر دیار تەیب بەرواری، پزیشکی ڤێتێرنەری لە کۆنگرەی دووەمی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری بە رووداوی راگەیاند، لە بوارەکەیاندا ئاژەڵ و مرۆڤ بایەخی تەواویان پێدەدرێت و بە پێویستی دەزانێت وەزارەتی شارەوانی هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری و وەزارەتی کشتوکاڵدا بکات بۆ بنیاتنان و بەڕێوەبردنی شێڵتەرەکانی سەگە بێلانەکان.
 
هاوکات دەشڵێت: تائێستا پزیشکانی ڤێتێرنەری هەلیان بۆ نەڕەخساوە تاوەکو جێپەنجەیان دیاربێت و بتوانن رۆڵی خۆیان لە پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشییە گوازراوە مرۆژەڵییەکاندا بگێڕن و ئاشکرای دەکات، ''بۆ ئەم مەبەستە یاسا هەیە، بەڵام کاری پێناکرێت''.
 
پزیشکێکی دیکەی ڤێتێرنەری کە ئەندامی کۆنگرەکە بوو جەخت لە بەشداریکردنی ئەندامە گەنجەکان و بەتایبەت خانمان دەکات لە کۆنگرەکەدا و دەڵێت: ''خۆشبەختانە زۆرترین ئەندامی گەنج لە کۆنگرەکەدا هەبوون و خانمانی ڤێتێرنەری چالاکترین ئەندامەکانی نێو سەندیکان''. 
 
دکتۆر گۆنا ئاوات، پزیشکی ڤێتێرنەری گوتیشی، گەنجان توانایەکی زۆرتریان لە بەرەوپێشبردنی پیشەی پزیشکیی ڤێتێرنەریدا هەیە و دەتواندرێت پشتیان پێببەسترێت. 
 
دووەمین کۆنفرانسی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری دوای 23 ساڵ لە هەولێر بەڕێوەچوو، 121 ئەندام لە سەرجەم پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربوون و دکتۆر شێرزاد جیهاد، ئەندامی چالاکی کۆنگرە و پزیشکی ڤێتێرنەری راوێژکار دەڵێت: حکومەت کەمتر بایەخی بە پزیشکانی ڤێتێرنەری داوە، چونکە ئەوەی ئێستا کۆمەڵگە گیرۆدەیەتی لەبارەی نەخۆشییە گوازراوەکانەوە، رۆڵی سەرەکیی پزیشکانی ڤێتێرنەرییە.