پسپۆڕێکی هەناو: بۆردوومانکردنی ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم ترسناکە
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، بۆردوومانکردنی ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆم ترسناکە و زیانی تەندروستیی زۆری دەبێت، کاریگەرییەکەشی دەشێت بۆ هەزاران ساڵ بمێنێتەوە.
د. زانا ئەحمەد ساڵەیی، پزیشکى پسپۆڕى نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی راگەیاند، ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی (نەتەنز) کە لە ئەسفەهانە، حەوت جار لەسەر یەکتر بۆردوومان کراوە و راگەیێنرا، دزەکردنی مادەی تیشکاوەری لەناوەوەی ناوەندەکە بەدی کراوە. لەو ناوەندە کار لەسەر پیتاندنی (یۆرانیۆم) کراوە؛ شیبوونەوەی یۆرانیۆمیش زیاد لە چوار ملیار ساڵی دەوێت.
ئەو ئاماژە بە رووداوەکەی چێرنۆبڵ دەکات و دەڵێت: ساڵی 1986 لە (چێرنۆبڵ) کە دەکەوێتە خاکی ئێستای ئۆکرایناوە ئەو کات بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت؛ کارخانەیەکی ئەتۆمی هەبوو، رۆژێک تەقییەوە، لەو کاتەوە ئەو مادە تیشکاوەرییانە دەیان کێشەی تەندروستییان ناوەتەوە، لە شارێکی وەکو (ریزە)ی تورکیا کە نزیکەی دوو هەزار کیلۆمەتر لەوێوە دوورە، نزیکەی 15٪ـی ئەوانەی ئەو کاتە منداڵ یان مێردمنداڵ بوون، بەم دواییانە تووشی شێرپەنجەی (غودەی دەرەقی) بوون.
لە کۆتاییدا گوتی، دووریی کارخانەی نەتەنزیش لە هەرێمی کوردستانەوە نیوەی دووریی نێوان (چەرنۆبڵ-ریزە)یە و نزیکەی 1000 کیلۆمەترێکە. بۆیە ئەگەر مادەی تیشکاوەری لە ئەنجامی بۆمبارامکردنەکە دزەی کردبێت، ئەوا مەترسیی لەسەر جەستەی تاک بە تاکمان دروست دەبێت.
بەرەبەیانی هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکەیان "لە دڵی پرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران"ـی داوە و ئامانجیان دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز و زانایانی ئەتۆمی بوون.
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە بە دیاریکراوی دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنزی کردووەتە ئامانج و "زانایانی ئەتۆمی"ـش بەشێک بوون لە ئامانجەکان.
بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز چی تێدابوو کە ئیسرائیل بەشێوەیەکی سەرەکی کردییە ئامانج؟ زریان رۆژهەڵاتی باسی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات