نەخۆشنامە؛ داواکاری بۆ گۆڕانکاریی روخسار وەکو فیلتەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بووە
رووداو - تەندروستی
پۆدکاستی نەخۆشنامەی ئەمجارە لەبارەی نەشتەرگەریی جوانکاریی لووتە، خانمێکی پسپۆڕ میوانە و رایدەگەیێنێت، ئێستا خانمان دەیانەوێت دەموچاویان وەکو فیلتەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێبێت.
د. میڤان خەتاب، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دەڵێت: منداڵ بە کەمترین زەبر، زیان بە لووتی دەگات، بەڵام نابێت دایباب بترسێت لە ئاوسانی زۆری لووتی منداڵەکەیان.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕە، ئەنجامی جوانکاریی لووت چەند هەفتەیەک دوای نەشتەرگەرییەکە دەرناکەوێت و پێویستی بە لانیکەم 4 بۆ 6 مانگی پێویستە.
لەبارەی بەراوردکارییەک لەنێوان رەفتاری کوڕان و کچان بۆ جوانکاری گوتی، کوڕەکان ناز و فیزیان کەمترە، کچەکان داواکارییان زیاترە، هەروەها کوڕەکان تەنیا مەبەستیان ئەوەیە لووتیان لەگەڵ دەموچاویان بگونجێت.
لەبارەی سڕکردنی خۆجێیی کە پێی دەگوترێت ''بەنجی مەوزوعی'' روونی دەکاتەوە، مەرج نییە بۆ هەموو نەشتەرگەری و جوانکارییەک بکرێت و زۆرجار سڕکردنی گشتی باشترە، چونکە پزیشک بە ئاسوودەییەوە نەشتەرگەرییەکە دەکات.