نەخۆشخانەی هیوا: لە یەک رۆژدا 20 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت، دوێنێ چوارشەممە 13ی ئەیلوول، 20 تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمار کراون. ئاماژە بەوەش دەکات، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رێژەی تووشبووان زۆر بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ 14-09-2023 دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ چوارشەممە نزیکەی 20 کەیسی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەمان تۆمار کراون و نزیکەی 800 کەسیش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە."
یاد نەقشبەندی گوتیشی، هەموو تەمەنێک لە تووشبووانی شێرپەنجەدا دەبیندرێت، "بەڵام جێگەی نیگەرانییە کە 10 ساڵ لەمەوپێش، لە پارێزگای سلێمانی و بەگشتی نەتەوەی کورددا، تووشبوونی منداڵان بە شێرپەنجە شتێکی زۆر دەگمەن بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئامارەکان زۆر خێراتر زیادیکردووە."
دکتۆر یاد نەقشبەندی ئاماژەی بە کەموکورتییەکانی نەخۆشخانەی هیوا کرد و گوتی، "گرفتێکی زۆری هەیە و وەڵامدەری ئەو رێژەیە لە نەخۆش نییە." ئەوەشی خستەڕوو، "15 ساڵە سەرەڕای زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە، هەمان باڵەخانەی پێشووە، هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر فراوانکردن و دروستکردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە بکەن."
وەک بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی، یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی سەنتەرێک بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکەیە، ئەوەش ئەرکی سەنتەرەکانی شێرپەنجەی زیاتر کردووە.
بە گوتەی یاد نەقشبەندی، سەرەڕای هەموو گرفتەکان، نزیکەی 85%ی پێداویستییەکانی تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا دابین دەکرێن، دەشڵێت، "ساڵی رابردوو بە بڕی 45 ملیار دینار دەرمانمان بۆ نەخۆش دابینکردووە، بەڵام تەنیا لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان لە نەخۆشخانەی هیوا خەرجکراوە."
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ نزیکەی ملیارێک و 395 ملیۆن دینار بۆ پشکنینی تاقیگەیی بۆ نەخۆشەکان خەرجکراوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاترە.
"دەوامکردنی بەبێ مووچە؛ هەستکردن بە مرۆڤایەتی"
دوێنێ چوارشەممە 13ی ئەیلوول، بەهۆی دواکەوتنی مووچە، بایکۆت لە هەموو بنکە و مەڵبەند و سەنتەرە تەندروستییەکانی سلێمانی راگەیێندرا، جگە لە شوێنە هەستیارەکان. نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی لەگەڵ ئەوەی یەکێکە لە نەخۆشخانە گرنگەکان، ئێستا نیمچە بایکۆتە و دەوامی کارمەند کەمکراوەتەوە و چەند بەشێکی لێ داخراوە.
یاد نەقشبەندی لەوبارەوە گوتی، "لە نەخۆشخانەی هیوا، بایکۆت نەکراوە و دەوام بەردەوامە، ئەوەش هەستکردنە بە مرۆڤایەتی، ئەگەرنا نزیکەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، دەتوانم بڵێم لایەنی مرۆیی، ئێمەی لە نەخۆشخانەی هیوا هێشتووەتەوە."
"سندووقی شێرپەنجە بە دۆخێکی خراپی داراییدا تێدەپەڕێت"
بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە چوارچێوەی "سندووقی شێرپەنجە"دا، لە رێگەی ئەو باج و رسوماتانەوە دەکرێت كە لەلایەن بەشێک لە وەزارەتەکانەوە وەردەگیرێت و بە میکانیزمێکی تایبەت رێژەیەکی بۆ سندووقەکە تەرخان دەکەن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەبارەی سندووقەکەوە گوتی، "سندووقی شێرپەنجە بە خراپترین دۆخی داراییدا تێدەپەڕێت، چەندینجار داوامان کردووە یاسای [سندووقی شێرپەنجە] هەموار بکرێتەوە، بەڵام تائێستا هەموار نەکراوەتەوە و دوای 10 ساڵ بە هەمان یاسا داهات بۆ نەخۆشەکان کۆدەکرێتەوە و دەرمانیان بۆ دابین دەکرێت، ئەوە لە کاتێکدایە بەراورد بە رابردوو ژمارەیان زۆر زیاتر بووە."
شێرپەنجە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و لە زۆرینەی جۆرەکانیدا کوشندەیە، خانە شێرپەنجەییەکان بەوە ناسراون بەبێ کۆنترۆڵ دابەش دەبن و زۆر دەبن، هەندێکیان ماددەگەلی شێوەی هۆڕمۆنی دەردەدەن و پێکهاتە و فرمانی جەستە تێکدەدەن، هەندێکیشیان کاتێک لە شوێنێکی جەستە دروستدەبن، خانەکانی نزیکی خۆیان داگیر دەکەن و بڵاودەبنەوە.