مایۆکلینیک: خەوزڕان و کەمخەوی لەبیرچوونەوە پێشدەخەن

رووداو - تەندروستی

شیکارییەکی مایۆکلینیک دەریدەخات، خەوزڕان و کەمخەوی ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە بە رێژەیەکی زۆر زیاد دەکەن، تەنانەت ئەگەر چەند شەوێکیش بێت.

شیکارییەکە لەسەر دوو هەزار و 750 کەسی پێگەیشتوو و بەساڵاچوو کرا و دەرکەوت، کەمخەوی کە ئەگەر تەنیا سێ شەویش بێت لە هەفتەیەکدا و ماوەی سێ مانگ زیاتربێت، ئەگەری تووشبوون بە لەبیرچوونەوە بەڕێژەی 40٪ زیاد دەبێت.
 
دیێگۆ کارڤاڵهۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: تێبینیمان کرد ئەوانەی کەمخەو بوون زووتر خانەکانی مێشکیان دەپووکایەوە و زانیارییان بیردەچووەوە، تەنانەت لە کارەکانی رۆژانەشیاندا رەنگدانەوەی هەبووە.
 
بەگوێرەی مایۆکلینیک شەش رێگە دەبنەهۆی باشترکردنی خەو؛
 
1. پێویستە نیکۆتین و کافایین، ژەمی قورس پێش خەوتن نەخورێن.
2. ژوورێکی سارد، تاریک و بەکارنەهێنانی شاشە پێش خەوتن، کواڵیتیی خەو باش دەکەن.
3. خەوتن لەماوەی رۆژدا کەمتر لە یەک کاژێر بێت.
4. رۆژانە وەرزش و جووڵەی بەردەوام هەبێت.
5. گوشار و دڵەڕاوکێ کەم بکرێنەوە.
6. کاتەکانی خەوتن و لەخەوهەستان دیاربێت.