کلینیکاست؛ ''عەیبە بگوترێت خۆراکی خێرا''
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو لەنێو پۆدکاستی کلینیکاستدا بابەتێک دەوروژێنێت و دەڵێ، ''عەیبە ناو لە خۆراک بنرێت فاست فوود''، هۆکارەکەش رووندەکاتەوە و ئاماژە بە جۆرێکی خۆراکیش دەکات کە پێی دەڵێن، ''سلۆو فوود'' واتە خۆراکی هێواش کە پێچەوانەی خۆراکی خێرایە.
د. هەڵگورد فەتحوڵڵا، پسپۆڕی راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو رایگەیاند، ''عەیبە ناو لە خۆراک بنرێت فاست فوود {خۆراکی خێرا}، چونکە ئەگەر کەسێک کاتی بۆ خواردن نەبێت، ئیدی چۆن ژیانێکی تەندروستی دەبێت و دەژی''.
ئەو پسپۆڕە ئەوەش باس دەکات، خواردن دەبێت هێواش بێت و ئاماژەش بە جۆرێک خۆراک دەکات کە لە ئەورووپا ناویان لێناوە ''سلۆو فوود'' {خۆراکی هێواش} کە پێکدێت لە پێنج کیلۆگرام لە سەوزە و میوە.
لەبارەی فەلسەفەی برسێتیبوونەوە د. هەڵگورد دەڵێت: ''بۆ ئەوەی تاک جەستەیەکی تەندروستی هەبێت، پێویستە هەمیشە بڕی ئەو خۆراکەی دەیخوات نەگاتە رێژەی تێربوون و بارگرانی بۆ کۆئەندامی هەرسی''، تەنانەت ئەوەشی گوت، ئەگەر کەسێک برسیی نەبێت، خۆراک نەخوات.
هەروەها جەختیش لەوە دەکاتەوە، رۆژانە لەبری سێ ژەمی خۆراک، دوو ژەم بخورێت و لەنێو ژەمەکانیشدا چەرەس، میوە و خۆراکە ریشاڵییەکان بخورێن.