ئەگەر دەنگی تەقینەوەی درۆن و مووشەک بیسترا، بۆ ئارامیی دەروون چی دەکەیت؟
رووداو - تەندروستی
مووشەک دەنگی دێت و درۆن دەتەوێتەوە، تەنانەت بەرپەچدانەوەی هەر یەکێکیشیان دەنگێکی زۆر دروستدەکات، خانوو یاخود ماڵەکەی تۆش رێک لەژێر ئەو مووشەک و درۆنەوەیە. لەو کاتەدا دەکرێت مرۆڤ تووشی دۆخێک ببێت بە ناوی Panic Attack کە ترسە لە هێرش.
ئەم ترسە ئاسایی نییە و ترسی مان و نەمانە، نازانیت لە چەند چرکەی داهاتوودا چیت لێدێت، تۆ لە ژوورەوەیت و دەنگی مووشەک و درۆنیش لە دەرەوە دێت.
دەکرێت لەو کاتەدا هەناسە و لێدانی دڵت خێرا بن، ئارەق بکەیتەوە و هەست بە ترس و شڵەژانی دەروونیش بکەیت، پاشانیش خەم داتبگرێت، تەنانەت بگاتە ئاستی لەدەستدانی جووڵەی کاتیش کە نەتوانی یەک بست بڕۆیت.
بەم شێوەیە خۆت، منداڵ و خێزانەکەت لەم ترسە بپارێزە؛
- یەکەم بچۆ شوێنێکی سەلامەت.
- دابنیشە و بە هەناسەی قووڵ خۆت هێمن بکەرەوە. 5 چرکە هەناسە بە لووت هەڵبمژە، 5 چرکە هەناسە رابگرە و 5 چرکەش بە دەم بیدەرەوە.
- بیرت بێت کە ئەمە تێدەپەڕێت و بە خۆت بڵێ، ''من نامرم و سەلامەتم، ئەمە ترسێکی کاتییە''.
- دەموچاوت بە ئاوێکی سارد بشۆ و خۆت فێنک بکەرەوە.
- لە چواردەورت چیت گوێ لێ دەبێت و چی دەبینیت و بۆنی چی دەکەیت بیانژمێرە و لەبەرخۆتەوە بیانڵێ.
- منداڵەکەت یان ئەو کەسەی لەگەڵتە هێمنی بکەرەوە و قسەی پاڵپشتیکارانەی لەگەڵدا بکە (خۆشم دەوێی، هیچ نییە، مەترسە، ئەمە تێدەپەڕێت، بەهێز بە و خودا لەگەڵمانە، تەواو تەواو تەواو).
- ئاگاتان لێبێت، دوای ئەو رووداوە سەیری هەواڵەکان مەکە با ئەوەندەی دیکە نەشڵەژێیت و باشترە بەبێ راوێژی پزیشکیش دەرمانی هێورکەرەوە بەکارنەهێنیت.