ڤاکسینی کۆمپانیای GSK بۆ ڤایرۆسی RSV رەزامەندیی بەکارهێنانی بۆ گەنجانیش وەرگرت
رووداو - تەندروستی
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) رەزامەندیی نیشاندا لەسەر بەکارهێنانی فراوانتری ڤاکسینی Arexvyی کۆمپانیای GSKی بەریتانی، کە لەمەودوا ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 49 ساڵاندایە و مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە هەیە بەهۆی ڤایرۆسی RSV.
بەگوێرەی ئامارێک کە کۆمپانیا ئەمریکییەکە کە لەسەر 2.5 ملیۆن کەس لە ئەمریکا کراوە، دەرکەوتووە ڤاکسینی Arexvy بە رێژەی 75.6% کاریگەر بووە لە کەمکردنەوەی پێویستیی خەواندن لە نەخۆشخانە بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان 60 ساڵ و زیاترە.
پێشتر ئەم ڤاکسینە لە ئەمریکا تەنیا بۆ کەسانی سەروو 60 ساڵ و ئەو کەسانەی تەمەنیان 50 بۆ 59 ساڵ بوو و مەترسیی تووشبوونیان هەبوو، پەسند کرابوو.
کۆمپانیای GSK لە بازاڕی ڤاکسینی گەنجاندا رووبەڕووی رکابەریی ڤاکسینەکانی mRESVIAی کۆمپانیای مۆدێرنا و Abrysvoی کۆمپانیای فایزەر دەبێتەوە.
ڤایرۆسی RSV ڤایرۆسێکی باوی کۆئەندامی هەناسەیە کە دەبێتە هۆی هەوکردنی وەرزی و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەوکردنی سییەکان و مردن لە منداڵانی ساوا و بەساڵاچوواندا.