پسپۆڕێکی پزیشکیی وەرزشی: سینگی مریشک و برنج باشترین خۆراکی سەرەکین بۆ وەرزشڤانان
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕی وەرزشی و نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان دەڵێت: یاریزانان پێویستە لە رۆژی یاریکردندا لە خۆراکە چەور و تیژەکان دوورکەونەوە و هۆکارەکەشی ئاشکرادەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 15-4-2025 د. هەژێن تەڵعەت، پزیشکی پسپۆڕی وەرزشی و نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان بە رووداوی راگەیاند، پێویستە یاریزانان لە رۆژی یاریکردندا لە خۆراکە چەور، تیژەکان و ئەو خۆراکانەی کە پێشتر نەیانخواردووە و بۆیان نوێیە؛ دووربکەونەوە و بایەخ بە خۆراکە پڕۆتینییەکان، کاربۆهیدرات و ئاوخواردنەوە بدەن.
د. هەژێن تەڵعەت جەختی کردەوە، پێویستە ژەمی سەرەکیی یاریزان لانیکەم چوار کاژێر بەر لە یارییەکە بخورێت و باشترین خۆراکیش مریشک لەگەڵ برنجی بێ چەورییە.
د. هەژێن تەڵعەت ئاماژەی بەوەکرد، زۆر گرنگە یاریزانان پێش یاری بە دوو کاژێر شەیکیێکی مۆز یان شیلیک بخۆنەوە.