بە ڤیدیۆ؛ سەمای پزیشکێکی کاندیدی دەرچووی هەڵبژاردنەکانی هەنگاریا کە پاڵێوراوە بۆ وەزیری تەندروستی
رووداو - تەندروستی
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەنگاریا لە رۆژی یەکشەممە 12-4-2026 بەڕێوەچوون و گۆڕانکارییەکی مێژوویی بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا هات؛ پارتی تیزا ئێستا پارتی دەسەڵاتدارە لە هەنگاریا کە بە سەرۆکایەتیی پیتەر مەگیار توانی کۆتایی بە دەسەڵاتی 16 ساڵەی ڤیکتۆر ئۆربان بهێنێ.
ئەوەی لە ئاهەنگی سەرکەوتنی پارتەکەدا دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سەمای یەکێک لە کاندیدە دەرچووەکانی پارتەکە بوو کە پزیشکێکە بە ناوی د. ژۆڵت هێگەدوش، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکان. ئەو توانی دەربچێت و ببێتە ئەندامی پەرلەمانی وڵاتەکە. هاوکات یەکێکە لە پاڵێوراوان بۆ بوون بە وەزیری تەندروستی.
د. ژۆڵت هێگەدوش، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکانە، لە ساڵی 1969 لەدایکبووە و هاوژینەکەی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاوە کە چوار منداڵیان هەیە. ئەو دەڵێت: دەبێت وڵات وەزارەتێکی تەندروستیی پیشەییانەی هەبێت.
ئەو پزیشکە لە سەردەمی کۆڤید-19 هەڵمەتێکی گشتگیری بۆ بیمەی تەندروستی لە هەنگاریا کرد و لە ساڵانی 2019 تاوەکو 2023 سەرۆکی لیژنەی رەوشتیی ژووری پزیشکانی هەنگاریا بووە کە تایبەت بووە بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی سەلامەتی و خۆپاراستن لەو ماوەیەدا.