لە کۆریای باشوور سپڕایەکی نوێ بۆ خوێنبەربوون دروستکرا؛ بە چەند چرکەیەک کار دەکات
رووداو - تەندروستی
زانایان لە کۆریای باشوور سپڕایەکیان بەشێوەی پاودەر دروستکردووە کە دەتوانێت لە ماوەی نزیکەی چرکەیەکدا خوێنبەربوونی قورس رابگرێت، ئەمەش لەڕێگەی دروستکردنی بەرگێک لەسەر برینە قووڵەکان.
توێژەران لە پەیمانگەی پێشکەوتووی زانست و تەکنەلۆژیای کۆریا، بە هاوکاریی سوپای کۆریای باشوور، سپڕایەکیان وەکو جێگرەوەیەکی خێراتر و کاریگەرتر بۆ باندجی ئاسایی دروستکردووە.
پەیمانگەکە ئاماژە بەوەدەکات سپڕایەکە کاتێک بەر خوێن دەکەوێت، یەکسەر رەق دەبێت و چینێکی پارێزەر دروستدەکات. کاتێک بەسەر برینێکدا دەپرژێنرێت، مادەکە بە شێوەیەکی یەکسان بڵاودەبێتەوە و دەبێتە بەربەستێکی هایدرۆجێڵی بەهێز کە بە شانەکانەوە دەنووسێت، ئەمەش وادەکات برینە قووڵ و ناڕێکەکان بەبێ پێویستی بە دوورینەوە یان فشارخستنەسەر دابخرێن.
تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، سپڕایەکە دەتوانێت ماوەی خوێنبەربوون کەمبکاتەوە و یارمەتیی گەشەی شانەکان بدات.
هەرچەندە هێشتا رەزامەندیی بۆ بەکارهێنانی کلینیکی وەرنەگرتووە، بەڵام داهێنانەکە وەکو پێشکەوتنێکی گەورە لە بواری چاودێریی فریاکەوتن و پزیشکیی سەیر دەکرێت.
خوێنبەربوون یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن کە دەکرێت رێگری لێبکرێت، بەتایبەتی لە رووداوەکان، کارەساتە سرووشتییەکان و شەڕدا کە فریاگوزاریی خێرا بەردەست نییە.