دەرمانسازێک: تەواوکەری خۆراکیی مەگنیسیۆم بۆ خەو بەسوودە

رووداو - تەندروستی

دەرمانسازێک روونیدەکاتەوە، مەگنیسیۆم چەندین جۆری هەیە و هەر یەکەیان بۆ چارەسەری کێشەیەکی تەندروستیی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت، بەڵام پێویستە بە راوێژی پزیشک وەربگیرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-4-2026 دکتۆر بەهێز حوسێن، دەرمانساز لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "مەگنیسیۆم گلایسینەیت و مەگنیسیۆم سیتریت زۆر بەکاردەهێنرێن، مەگنیسیۆم سیتریت رێژەی مەگنیسیۆم لە جەستەدا بەرزدەکاتەوە، بەڵام مەگنیسیۆم گلایسینەیت زیاتر بۆ ئەوانە بەکاردێت کە کێشەی دڵەڕاوکێ و خەویان هەیە." 
 
دکتۆر بەهێز حوسێن ئاماژە بەوە دەکات، جۆرێکی دیکەی مەگنیسیۆم کە بە "ئێڵ-سریۆنەیت" ناسراوە بۆ باشترکردنی یادگە بەسوودە، هەروەها ئەو کەسانەی کێشەی گەدەیان هەیە باشتر وایە مەگنیسیۆم بە شێوەی پاودەر بەکاربهێنن.
 
دەرمانسازەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەوانەی کێشەی گورچیلە یان لاوازیی لێدانی دڵیان هەیە، نابێت دەرمان و تەواوکەری خۆراکی بەکاربهێنن." هەروەها روونیدەکاتەوە کە مەگنیسیۆم لەگەڵ هەندێک دەرمانی پەستانی خوێن و دژەبەکتریادا کارلێک دەکات، بۆیە دەبێت 2 بۆ 4 کاژێر دوای بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە بخورێت.
 
لە کۆتاییدا، دکتۆر بەهێز جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ بەکارهێنانی هەر جۆرە تەواوکەرێکی خۆراکی پێویستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.