موژدەیەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی پەنکریاس؛ دەرمانێکی نوێ رزگارتان دەکات

رووداو - تەندروستی

کۆمپانیایەکی ئەمریکیی تایبەت بە دروستکردنی دەرمان رایدەگەیێنێت، بە سەرکەوتوویی قۆناخی سێیەمی دەرمانێکیان تێپەڕاندووە کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی ماوەی ژیانی تووشبووانی شێرپەنجەی پەنکریاس کە یەکێکە لە شێرپەنجە کوشندەکان.
 
کۆمپانیای Revolution Medicinesـی رایگەیاندووە، دەرمانی Daraxonrasib بۆ ئەوانەی جارێک تووشی شێرپەنجەی پەنکریاس بوون و بەنێو جەستەیان بڵاو بووەتەوە، بە سەرکەوتوویی بەکارهاتووە و لە شێوەی حەب دەبێت و کار لە جۆرێک لە بازدانی جینی دەکات کە 90٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە پەنکریاسیاندا تووشیان دەبێت و شێرپەنجەکەیان مەترسیدارتر و کوشندەتر دەکات.
 
ئانا بێرکنبلیت، سەرۆکی زانستی و پزیشکی لە کۆمپانیاکە دەڵێت: ئێمە لەسەر لێواری چارەسەری پێشکەوتووی شۆڕشگێڕانەین بۆ تووشبووانی شێرپەنجەی پەنکریاس. بۆ ئەوەی ماوەیەکی زیاتر لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان بەسەر ببەن''. 
 
هەنگاوی داهاتوو چییە؟
 
بە فەرمی کۆمپانیاکە داوای لە دەزگای خۆراک و دەرمان FDA کردووە کە پێداچوونەوەی خێرا بە ئەنجامەکانی دەرمانەکە بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات قۆناخی داهاتوو دەستپێبکەن و ئیدی بخرێتە بازاڕەوە. چارەسەرەکەش تایبەت دەبێت بەو کەسانەی تووشی شێرپەنجەی پەنکریاسی بڵاوبووەوە بوون و پێشتر چارەسەریان وەرگرتووە.
 
جیاوازیی دەرمانەکە لەگەڵ چارەسەری کیمیایی؟
 
دەرمانەکە توانیویەتی 13 مانگ تەمەنی تووشبووان درێژتر بکاتەوە، لەکاتێکدا بە چارەسەری کیمیایی تەنیا 6 مانگ درێژتر دەبێتەوە. هەروەها 60٪ مەترسیی گیانلەدەستدانی تووشبووانیش کەم بکاتەوە، لەکاتێکدا لە چارەسەری کیمیایی بە رێژەی نیو ئەوەندەی ئەم ژمارەیەیە.
 
کاریگەرییە لاوەکییەکان چین؟
 
لە راگەیێندراوە رۆژنامەڤانییەکەیدا، کۆمپانیای Revolution Medicines دەڵێت "دەرمانی Daraxonrasib بە گشتی سەلامەتە و سووربوونەوەی پێست باوترین کاریگەریی لاوەکییە، لەگەڵ برینی دەم، سکچوون، دڵتێکهەڵاتن و رشانەوەشدا کە باون''.
ئامارەکانی شێرپەنجەکە
 
کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ساڵانە 60 هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجەی گوازراوەی پەنکریاس تۆمار دەکرێن لەو ژمارەیەش 47 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن.