مامۆستایەکی زانکۆ: هەرگیز ژیریی دەستکرد نابێتە جێگرەوەی پزیشک و ستافی پزیشکی
رووداو - تەندروستی
مامۆستایەکی زانکۆ رایدەگەیێنێت، هەرگیز ژیریی دەستکرد نابێتە جێگرەوەی پزیشک و ستافی پزیشکی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-5-2025 د. بەهەشتی عەلی، مامۆستای زانکۆی جیهان لە سلێمانی لەنێو سیمپۆزیۆمی تایبەت بە ژریی دەستکرد لە پەیمانگەی تەکنیکیی کوردستان بە هاوئاهەنگی زانکۆی سلێمانی و زانکۆی کوردستان لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، دەستنیشانکردنی نەخۆشی لەلایەن پزیشک وردترین رێگە و باشترینە بەراورد بە دەستنیشانکردن بە ژیریی دەستکرد.
د. بەهەشتی عەلی روونی دەکاتەوە، مرۆڤ هەمیشە پێویستە بە پزیشکە بۆ ئەوەی نەخۆشییەکانی بۆ دەستنیشان بکات، چونکە دەبێت پزیشکان لەسەر چەند بنەمایەک بڕیار بدەن لەسەر دۆخی تەندروستیی نەخۆش.
ئەوەشی باسکرد: هەندێکجار دەتواندرێت ژیریی دەستکرد پشتی پێببەسترێت بۆ دەستنیشانکردن، بەڵام دەشێت لە چارەسەردانان ورد نەبێت.
لە ماوەکانی رابردوودا دواین لێدوانی بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ئەوەبوو کە تاوەکو 10 ساڵی دیکە ژیریی دەستکرد شوێنی پزیشکان دەگرێتەوە، ئەو لێدوانەشی دەنگدانەوەی زۆری بە خۆیەوە بینی.