توێژینەوەیەک: سەرقاڵیی دایک و باوک ژیانی منداڵ تێکدەدات

رووداو - تەندروستی

هەمیشە جەخت لە پتەویی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی نێوان دایباب لەگەڵ منداڵەکانیان کراوەتەوە و توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالیفۆرنیا دەریدەخات، بە‌هێزیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی دایباب خەو و خۆراکی منداڵ باش دەکات.
 
نزیکەی پێنج هەزار منداڵ بەشداربوون و توێژەران ئەوە باس دەکەن، ئەگەر دایک و باوک سەرقاڵی تەکنەلۆژیا و کارەکانیان بن، ئەوا خەوی منداڵەکانیشیان ناڕێک دەبێت و مەیلی خواردنی خۆراکی ناتەندروستیشیان زۆر دەبێت.
 
ماری گۆمبێرت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: لە ئەنجامی بایەخنەدانی دایک و باوکیان، منداڵانی بەشداربوو 51٪ـیان خەویان ناڕێک بووە و 42٪ـیشیان زۆر شاشەکانیان بەکارهێناوە.
 
بەپێی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ منداڵان، لە تەمەنی 6 بۆ 12 ساڵیدا پێویستە لانیکەم 9 بۆ 12 کاژێر خەو هەبێت.
 
مایۆکلینیک هۆشداری دەدات لە زۆرمانەوە لەبەردەم شاشەکان بەوەی کە دەشێت ببێتە هۆی ئەمانەی خوارەوە؛
 
- قەڵەوی
- تێرخەو نەبوون
- زوو تووڕەبوون
- لاوازیی فێربوون 
- لاوازیی سەرنج و بڕیاردان
- ئالوودەبوون