توێژینەوەیەک: خواردنی رۆژانەی کیوی لە شێرپەنجە دەتپارێزێت
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندێکی توێژینەوە لە ئەمریکا توێژینەوەیەکی کردووە و دەڵێت، رۆژانە خواردنی دوو کیوی بەسە بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر ڤیتامین، باشترکردنی هەرس و دووربوون لە شێرپەنجە.
تریشا پاسریچا، پزیشکی هەرس لە ناوەندی پزیشکی دیاکۆنسی ئێس ئیسرائیل لە ماساچووسێتس کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە دەڵێت: "هەر نەخۆشێک سەردانیم بکات، بۆی دەنووسم رۆژانە دوو کیوی بخوات، بۆ باشتربوونی هەرس و وەرگرتنی ڤیتامین و ئەنتیبایۆتیکی پێویست". دەشڵێت، "دوودڵ نابم ئەگەر بڵێم هیچ میوەیەک باشتر لە کیوی ئەو کاریگەریانەی نییە."
بەگوێرەی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگری لە نەخۆشی حکومەتی ئەمریکا، هەر کیوییەک هەشت گرام ریشاڵی تێدایە، کە رێگری لە قەبزی دەکات. هەروەها ئەنتیسیدینی تێدایە کە ئەنزیمێکە پاڵپشتی باشترکردنی هەرس بە شکاندنی پڕۆتین دەکات.
پاسریچا دەڵێت، کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە بەهۆی خواردنی کیوییەوە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی زیاترە، بەڵام ئەوان و چەند توێژینەوەیەکی دیکەش تێبینی ئەوەیان کردووە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی چینی کە سەنتەر ئیسرائیلیەکە پشتی پێ بەستووە، ئەوانەی رۆژانە کیوی دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ریخۆڵە کەمترە.
بە گوێرەی توێژینەوەکەی ناوەندە ئیسرائیلیەکە، کیوی بڕێکی باش ڤیتامین سی، ئی، کەی و ئەنتیئۆکسیدی تێدایە کە رێگری لە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە دەکات.
پاسریچا دەڵێت، باشترە ئەو ڤیتامینانە لەو میوەیەوە وەربگیرێن نەوەک وەکو تەواوکاری لە نۆرینگە و دەرمانخانەکان.