وەزارەتی ژینگەی ئیسپانیا: هەزار و 180 کەس بە گەرما گیانیان لەدەستداوە
رووداو - تەندروستی
وەزارەتی ژینگەی ئیسپانیا رایدەگەیێنێت، تەنیا لەم ماوەیەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا، هەزار و 180 کەس بەهۆی لێکەوتەکانی گەرمابردنەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەکەش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە.
وەزارەتەکە ئاشکرای دەکات، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو واتا لەنێوان {16ـی 5 تا 13ـی 7} 114 کەسی زیاتر بە گەرما مردوون، بەگوێرەی پەیمانگەی کارلۆسی سێیەم لە وڵاتەکە زۆرینەشیان بەساڵاچووانن و خانمان زیاتر لە نیوەی قوربانییانی گەرمابردن پێکدەهێنن.
لە چەند هەفتەی رابردووەوە، پلەکانی گەرما لە چەند ناوچەیەکی ئیسپانیا 40 پلەی سیلیزییان تێپەڕاند، تەنانەت بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئەروووپی، لە ماوەی 10 رۆژدا لانیکەم دوو هەزار و 300 کەس لە 12 شاری ئەورووپادا بە گەرما گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی CDC، هۆکارەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە ئەمانەن؛
- وروژمی خوێن بۆ پێست زیاد دەبێت
- خوێن لە ئەندامەکانەوە دەچێت بۆ پێست
- ژەهر و هەوکردن لەنێو ئەندامەکان دروست دەبن
- ئەندامەکان سستدەبن
- پەستانی خوێن کەم دەبێتەوە
- زیادبوونی لێدانی دڵ
- دەبێتەهۆی جەڵتەی دڵ
- ئارەقکردنەوەی بەردەوام دەبێتە هۆی کەمیی ئۆکسجین و مادەخۆراکییەکان
- دەرکەوتنی نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستە
- پاشانیش سستبوونی گورچیلەکان و مردن