رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ کۆنفرانسی توێژینەوەی نیشتمانیی لقی کوردستانی IFMSA بەڕێوەچوو کە لەلایەن کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کۆلێژەکانی پزیشکیی گشتیی رێکخرابوو، خەڵاتی یەکەم درا بە توێژینەوەیەک کە پەردەی لەسەر چەندان هۆکاری ناڕێکیی هەڵەپزیشکییەکان لە هەولێر لادا و دەریخست، گوشاری دەروونی و ماندووبوونی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هۆکاری باون بۆ زیادبوونی هەڵەپزیشکییەکان.
ئەمڕۆ هەینی 15-8-2025 لە هەولێر 200 خوێندکار و پزیشک لە کۆنفرانسەکە ئامادە بوون و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنفرانسەکە بوو، 8 توێژینەوە پێشكێش کران و براوەکان دیاریکران، نوا هێمن، براوەی یەکەم، دیما رەعد، براوەی دووەم و هەریەک لە عەبدولڕەحمان ئوسامە و جۆدی رەمەزان بە براوەی سێیەم دەستنیشان کران کە شەش پزیشک وەکو لیژنەی دادوەریی هەڵسەنگاندنیان بۆ لێکۆڵینەوەکان دەکرد.
''گرنگترین خاڵ بۆ پزیشکێکی سەرکەوتوو، بیرکردنەوەی رەخنەگرانەیە''
خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی گشتیی زانکۆی هەولێری پزیشکی رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە کۆنفرانسەکە و پڕۆفیسۆر د. دەشتی عەباس، راگری کۆلێژی پزیشکیی گشتی لە زانکۆی هەولێری پزیشكی دەڵێت: گرنگترین خاڵ لە پزیشکێکی سەرکەوتوو، بیرکردنەوەیەکی رەخنەگرانەیە کە کار بکات بۆ بەرەوپێشبردنی ناڕێکییەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە، لە سەرەتای دامەزراندنی کۆلێژەوە تاوەکو ئێستا بایەخێکی زۆر بە بواری توێژینەوە بۆ پێگەیاندنی پزیشکانیان دەدەن.
''دەمانەوێت IFMSA ببێتە ئامرازێک بۆ بایەخدانی زیاتر بە توێژینەوەی خوێندکاران''
سەنا کاوێس فارس، نوێنەری رێکخراوی لقی هەرێمی کوردستانی رێکخراوی IFMSA دەڵێت، دەیانەوێت ببنە ئامرازێک بۆ یارمەتیدانی خوێندکارانی زیاتر تاوەکو بایەخ بە توێژینەوە بدەن، وەک دەڵێت: ''ئێمە پابەندین بە دروستکردنی هەل بۆ خوێندکارانی پزیشکی بۆ سەرکردایەتیکردن و بەشداریکردن لە چالاکییەکان، لەپێناو پڕۆژەکانی توێژینەوە کە ئاستەنگە تەندروستییەکانی جیهان چارەسەر دەکەن''.
ئەوەشی گوت، ''توێژینەوە بناخەی پێشکەوتنە لە بواری پزیشکی و چاودێریی تەندروستیدا. رێکخراوەکەشمان لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ ئەو مەبەستە هەیە کە لەڕێگەی تیمێکەوە کار لەسەر ستانداردکردنی توێژینەوە لە هەموو کوردستان دەکات''.
ئەو توێژینەوەیەی پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
توێژینەوەیەک لەلایەن نوا هێمن، خوێندکاری زانکۆی هەولێری پزیشکی لەبارەی هەڵەپزیشکییەکان کرا و دەرکەوت، لە نەخۆشخانەکانی هەولێر 20.6٪ـی ئەو هەڵەپزیشکییانەی دەکرێن کە زۆرترینە بەهۆی گوشاری زۆری نەخۆشخانەکانەوەیە، 15.6٪ـیش بەهۆی ماندووبوون و 13.6٪ـیش بەهۆی ناڕێکیی لە ئامێرەکان و باش کارنەکردنیانەوەیە.
نوا هێمن کە خۆی توێژینەوەکەی کردووە، دەڵێت: تاقیگەکانیش بێبەش نین لە دروستبوونی هەڵەی پزیشکی و 12.6٪ـی هەڵە پزیشكییەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش، بەهۆی هەڵەکانی ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەوەکانەوە بووە.
''53٪ـی خانمان بەهۆی نەشتەرگەریی منداڵبوونەوە شیر بە کۆرپەکەیان نادەن''
یەکێک لە توێژینەوەکان لەبارەی چەند ئامارێکی شیردانی سرووشی بوو لە هەولێر و دەریدەخات، لەکۆی 389 دایک، 53٪ـیان ئەوانە بوون کە شیری خۆیان بە منداڵ نەداوە بەهۆی نەشتەرگەری منداڵبوونەوە. بەڵام تەنیا 30.3٪ـیان شیری خۆیان بە منداڵ داوە. هەروەها لەو 389 خانمە تەنیا 29٪ـیان زیاتر لە شەش مانگ شیری خۆیان بە کۆرپەکەیان داوە و 32.1٪یشیان کەمتر لە سێ مانگ بەردەوام بوون لە شیردانی سرووشتی. هۆکارەکانی کەمیی شیرانیشیان بۆ نەبوونی پاڵپشتیی دوای منداڵبوون، کەمیی هۆشیاریی تەندروستی و ناڕێکیی تەندروستیی دایکەکە دوای نەشتەرگەری گەڕاندەوە.
''پێویستە توێژینەوە و بایەخدان بە توێژینەوە ببێتە کولتوور''
دکتۆر رەوێن خاڵس، سەرۆکی دەستەی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە لە بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ئامانجمانە سەکۆیەک بۆ خوێندکاران بڕەخسێنین کە بتوانن کارەکانیان نیشان بدەن و تواناکانیان دەربخەن.
دکتۆر رەوێن خاڵس دەڵێت: پێویستە توێژینەوە و بایەخدان بە توێژینەوە ببێتە کولتوورێک لەنێو خوێندکاران تاوەکو بەوپەڕی ئاستبەرزییەوە توێژینەوەکانیان بکەن و ئەنجامی بەسوود بخەنەوە.
لەبارەی IFMSA و لقی هەرێمی کوردستانی
یەکێتیی نێودەوڵەتیی کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی IFMSA، رێکخراوێکی ناحکومییە، لە ساڵی 1951 دامەزراوە و لە 123 وڵات لقییان هەیە کە نوێنەرایەتی زیاتر لە ملیۆنێک و نیو خوێندکاری پزیشکی دەکەن لە سەرتاسەری جیهاندا. لقی هەرێمی کوردستانی IFMSA وەکو رێکخراوێکی ناحکومی لە کۆلێژی پزیشکی لە ساڵی 2009 دامەزراوە و لە ساڵی 2011 لەلایەن ئەنجوومەنی گشتیی فیدراسیۆنەوە وەکو ئەندامێکی نێودەوڵەتی ناسێندراوە، لەلایەن خوێندکارانی پزیشکییەوە بەڕێوەدەبرێت و زیاتر لە 1500 ئەندامی هەیە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کۆیە و زاخۆ، نۆ زانکۆ لەخۆدەگرێت: زانکۆی هەولێری پزیشکی، زانکۆی کوردستان - هەولێر، زانکۆی تیشکی نێودەوڵەتی، زانکۆی مەعریفە، زانکۆی سلێمانی، زانکۆی نێودەوڵەتیی کایۆن، زانکۆی دهۆک، زانکۆی کۆیە و زانکۆی زاخۆ.
لقی هەرێمی کوردستانی رێکخراوەکە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە 400 پڕۆژەی جێبەجێکردووە و ساڵانە سەرپەرشتیی بەرنامەی ئاڵۆگۆڕی خوێندکاران دەکات، ساڵانە پەنجا خوێندکاریش دەنێرێتە دەرەوە.
''نەخۆشی ئێمە زانستی لێکەم نییە، بەڵکو رێزگرتنیان لێکەمە لەلایەن پزیشکانەوە''
یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن لە بەشی دووەمی هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکان ستایشی بەشداربووانی کرد و گوتی، نەخۆش ناڕوانێتە زانستی پزیشک، بەڵکو زۆر سەرنجی رەفتار، قسەکردن و ئامادەبوونی پزیشک دەکات کە چی پێشکێش دەکات و چۆن رەفتاری لەگەڵدا دەکات.
د. بێریڤان ئیبراهیم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خانمان و یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکان دەڵێت: ''نەخۆشی ئێمە زانستی لێکەم نییە، بەڵکو رێزگرتنیان لێکەمە لەلایەن پزیشکانەوە''، هەر بۆیە لەبەردەم ئەو خوێندکارە چالاکانەی کە ئەمڕۆ توێژینەوەیان پێشکێش کرد وەکو هاندانێک و بەردەوام بوون لەسەر ئەو رێچکەیەی گرتوویانە ئەم قسانەی کرد.