گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک: هیچ تووشبوو و گومانلێکراوێکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە
رووداو - تەندروستی
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک رایدەگەیێنێت، تائێستا هیچ تووشبوو و گومانلێکراوێکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 15-9-2025 سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان تاوەکو رێگربن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆلێرا.
سامان یابە روونی کردەوە، کۆلێرا نەخۆشییەکی کوشندەیە و لە هەر شوێنێک بڵاو ببێتەوە، کەرتی تەندروستیی ئەو شوێنە دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەوەشی گوت، ''ئەم ساڵ و ساڵی رابردووش هیچ تووشبوویەکی نەخۆشییەکە تۆمار نەکراوە''.
نیشانەکانی نەخۆشیی کۆلێرا ئەمانەن؛
- سکچوون
- وشکبوونەوەی تووند
- هەستکردن بە تینووێتیی زۆر
- گرژبوونی ماسوولکەکان
- رشانەوە
- لاوازی
رێگەکانی خۆپارێزی لە کۆلێرا چین؟
* پێویستە ئاو بکوڵێندرێت و دوای ساردبوونەوە بخورێتەوە.
* شۆردنی دەستەکان پێش و پاش نانخواردن.
* کوڵاندنی خواردن بەباشی و جوان شۆردنەوەی سەوزە و میوەکان.
* بەکارنەهێنانی ئاوی بیر و ئەو ئاوانەی سەرچاوەیان نادیارە.
* دوورکەوتنەوە لە خواردنی سەردانەپۆشراو و سەر عەرەبانە.
* نەخواردنی سەوزە و میوەکانی چێشتخانەکان.
رێگەکانی چارەسەرکردن؛
- زۆر خواردنەوەی ئاو.
- وەرگرتنی ژیناوی تێکەڵ بە دژەبەکتریا بۆ کەمکردنەوەی سکچوون.
- بەکارهێنانی زینک بۆ منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ.
- بەکارهێنانی ژیناوی دەوڵەمەند بە مادە کانزاییەکان.
چەند ڤاکسینێک دژی کۆلێرا هەن کە کاریگەرییەکەیان لە کۆنترۆڵکردنی کۆلێرادا سەلمێنراون، بەڵام بۆ هێشتنەوەی بەرگری لە ئاستێکی بەرزدا پێویستە قورچکی بەهێزکەر وەربگیرێن.