خانمان بەردەوامن لە پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییەکانی مەمک لە (هەڵمەتی لونای پەمەیی)

رووداو - تەندروستی

دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکاری تەندروستیی رووداو ئەمڕۆش چووەتە نێو سەنتەری چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکانی مەمک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و چەندین خانمی لەبارەی هەڵمەتەکەوە دواندووە.
 
خانمێک تەمەنی 30 ساڵە و دەڵێت: کە هەڵمەتەکەم بینی، حەزم کرد بێم و پشکنین بکەم. ئەو خانمە دەڵێت، کە بە هاوژینەکەمم گوت، دەمەوێت پشکنین بکەم، پێی خۆش بوو و گوتی: خانمان بایەخ بە خۆیان بدەن، ئێمەش زیاتر بایەخیان پێدەدەین.
 
خانمێکی دیکە گوتی، هیچ نیشانەیەکم نەبووە، بەڵام لەماوەی سووڕی مانگانەدا ئازاری مەمکم هەبووە و هاوژینەکەم پاڵپشتی کردم کە پشکنین بکەم.
 
خانمێکی بەساڵاچوو بەهۆی ئازاری مەمکییەوە چووەتە سەنتەرەکە و پشکنینی پێشوەختە دەکات، ئەوەش باس دەکات کە برازایەکی شێرپەنجەی هەیە. (کەواتە ئەم خانمە گرووپێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە و پێویستە هەمیشە پشکنینی پێشوەختە بکات).
 
هەڵمەتی 'لونای پەمەیی' چییە؟
 
رووداوی تەندروستی لە مانگی ئۆکتۆبەردا کە ناسراوە بە 'ئۆکتۆبەری پەمەیی' هەڵمەتێکی فراوان بۆ هۆشیارکردنەوەی خانمان لە رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک و هاندانیان بۆ پشکنینی پێشوەختە دەستپێدەکات.
 
ئەو هەڵمەتە بە ناوی 'لونای پەمەیی' رادەگەیێندرێت و ئامانجی سەرەکیی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکەن، چونکە چەند زوو شێرپەنجە دەستنیشانبکرێت، ئەوەندەش چارەسەرەکەی ئاسان دەبێت و خەرجییەکەی کەمتر دەبێتەوە. تەنانەت گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیش کەم دەبێتەوە.
 
هەڵمەتەکە لەلایەن دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو دەکرێت بە هاوبەشیی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نەخۆشخانەی ئومێد لە دهۆک، سەنتەری پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سلێمانی و سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک و هەرس و جگەر لە هەڵەبجە.
 
جیاوازیی خەرجیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک بەگوێرەی قۆناخەکانی نەخۆشییەکە؛
 
بەگوتەی د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر، نرخی چارەسەرییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەراورد بە ماوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بەم شێوەیەیە؛
 
- لە ماوە سەرەتاییەکانی قۆناخی یەکی شێرپەنجەکە؛ 4 بۆ 5 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکە، ئەگەر پێویستی بە دەرمانی بایۆلۆژی و کیمیایی بێت؛ 20 بۆ 30 هەزار دۆلار.
- لە ماوەی قۆناخی چواری شێرپەنجەکە؛ 250 بۆ 300 هەزار دۆلار.
 
تەنانەت بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای دەکات، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.