لە ئینگلاند پزیشکانی خولاو مانیان گرت
رووداو - تەندروستی
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە ئینگلاند مانگرتنیان راگەیاند، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی داهات و مووچەکانیان.
پزیشکانی خولاو لە ئینگلاند ماوەی پێنج رۆژ مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند (14 تاوەکو 18ـی تشرینی دووەم) و هیچیان ناچنەوە ناوەندە تەندروستی و نەخۆشخانەکان. لەکاتێکدا ئەمە 13ـەمین جارە پزیشکانی خولاو لە بەریتانیا ماندەگرن کە کەمیی مووچە هۆکاری سەرەکی بووە.
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، مانگرتنەکە نەشتەرگەری و بینینی نەخۆش لەلایەن پزیشکانەوە دوادەخات و مەترسی دەخاتە سەر ژیانی ئەوانەی لە دۆخی فریاگوزاریدان.
بەگوێرەی سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا، مانگرتنەکە هەڵبژاردەی دڵخوازیان نییە، بەڵام ناچارن لەبەر کەمیی کارمەند و کەمیی داهاتیان دیسانەوە بێنەوە سەر شەقامەکان.
سەندیکاکە رایگەیاند، پزیشکانی خولاو بۆ هەر کاژێرێک کارکردن 10 تاوەکو 15 پاوەند وەردەگرن، دکتۆر سومی مانیراجان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پزیشکانی خولاو لە سەندیکاکە رایگەیاند، بەهۆی کەمیی مووچە و ماوەی کارکردنی زۆرەوە، بەشێکی زۆری پزیشکانی خولاو وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن.
بەهۆی مانگرتنی رابردووەوە، 54 هەزار نەشتەرگەری و بینینی پزیشک دواخران، بۆ ئەم مانگرتنە پێنج رۆژییەش پێشبینی دەکرێت، 240 ملیۆن پاوەند زیان بە تەندروستیی بەریتانیا بگەیێنێت و NHSـیش دەڵێت، لە هەوڵدان بۆ هاوسەنگکردن و بەڕێکردنی کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی.
ژمارەی پزیشکانی خولاو لە بەریتانیا
بەپێی ئامارەکانی بەریتانیا، زیاتر لە 75 هەزار پزیشکی خولاو و مەشقپێکراو هەن، بەراورد بە ساڵی 2023 ژمارەی نۆرەگرتن بۆ بینینی پزیشک سێ ملیۆن زیاترە و سەروو 383 هەزار کەسیش زیاتر لە ساڵێکە لە نۆرەی پزیشکیدان.
مووچەی پزیشکانی خولاو لە بەریتانیا
رێکخراوی کۆنسوڵی پزیشکیی گشتیی لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، مووچەی ساڵانەی پزیشکانی خولاو بۆ ساڵی یەکەم نزیکەی 29 هەزار و 380 پاوەندە و بۆ ساڵی دووەم 34 هەزار و 12 پاوەندە.