لە ئیسپانیا سەگەکان رادەهێندرێن بۆ ئەوەی بەرزیی شەکرەی خاوەنەکانیان دەستنیشان بکەن

رووداو - تەندروستی

لە ناوچەی گالیسای ئیسپانیا ساڵانە زیاتر لە هەزار و 200 تووشبووی نوێی شەکرە لە منداڵانی خوار 15 ساڵ تۆمار دەکرێن. پسپۆڕانیش دەیگەڕێننەوە بۆ خراپیی شێوازی ژیانیان. هەر بۆیە دەیانەوێت هەموو کارێک بکەن تاوەکو کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەن.
 
ئێستا پزیشکان و توێژەران دەیانەوێت سەگەکان وا لێبکەن کە خاوەنەکانیان لە تووشبوون بە شەکرە بناسنەوە، بەتایبەت کاتێک ئاستی شەکری خوێنیان زیاد دەبێت.
 
چەند خۆبەخشێک کۆکراونەتەوە کە سەگیان هەیە و توێژەران دەیانەوێت بە بۆنکردن و تامکردنی شلەکانی ئەو کەسانەوە سەگەکانیان رێژەی شەکرەیان بناسنەوە کە بەرز یاخود نزمە.
 
ئەمەش لەڕێگەی راهێنانی سەگەکانەوەیە بۆ ئەوەی بۆنی هەناسە و ئارەقەی خاوەنەکانیان بناسنەوە لەکاتی نزم یاخود بەرزبوونەوەی رێژەی شەکرەیان، کاتێک هەست بە نائاسایی بوون دەکەن، ئەوا دەوەڕن یاخود رەفتارێکی جیاواز دەکەن بۆ ئەوەی خاوەنەکەیان لە مەترسییەکە ئاگادار بکاتەوە.

تێریزا مارتینێز، سەرۆکی بەشی نەخۆشییەکانی کوێرەڕژێنەکان لە نەخۆشخانەی زانکۆی کۆرونا لە ئیسپانیا دەڵێت: هیچ شتێک لەبری پەنکریاس، ئەو شەکر و کاربۆهیدراتە رێکناخات کە مرۆڤ رۆژانە دەیخوات، بۆیە باشترە هەمیشە رێگری لە زۆرخۆریی شەکر و شیرینییەکان بکرێت، بۆ ئەوەی نەگاتە حاڵەتی شەکرە.
سەگ توانای بۆنکردنی نزیکەی 100 هەزار جار لە مرۆڤ زیاترە.