7 دۆخی تەندروستی مەترسی لەسەر شۆفێری دروستدەکەن
رووداو - تەندروستی
لە راپۆرتێکی بەریتانیدا باسی ئەو نەخۆشی و دۆخە تەندروستییانە دەکرێت کە کاریگەرییان لەسەر شۆفێری هەیە و ئەگەر شۆفێران هەیانبێت، ژیانی خۆیان و سەرنشینەکانیان دەشێت بکەوێتە مەترسییەوە. یەکێک لەوانە نەخۆشیی شەکرەیە.
راپۆرتێکی Insurance Factoryـی بەریتانی دەریدەخات، چەند نەخۆشی و دۆخێکی نالەباری تەندروستی هەن کە دەکرێت کار لەسەر بینین، کۆنتڕۆڵکردنی جووڵە و ئاستی هۆشیاری بدەن و لەکاتی شۆفێریکردندا کارەساتیان لێبکەوێتەوە، نەخۆشییەکانیش ئەمانەن؛
سەرئێشە؛ دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی هەستەوەرییەکانی مرۆڤ و کەسەکە ئاگای لەخۆی نەمێنێت، بەتایبەت لە نەخۆشیی لاسەرئێشە (شەقیقە) بۆیە باشترە لەکاتی بوونی ئەو ئازارە، لە شۆفێریکردن بوەستن و پشوو بدەن تا ئازارەکەیان کەم یاخود نامێنێت.
بێهۆشبوون و لەدەستدانی هۆش؛ رەنگە بەهۆی گوشاری دەروونی یاخود نەخۆشییەکەوە ناوە ناوە رووبدات و لەکاتی هەستکردن بەوە پێویستە دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکە بوەستێندرێت و کەسەکە شتانێک بکات کە دڵنیا ببێتەوە سەلامەتە و هۆشی لای خۆیەتی، ئینجا شۆفێری بکاتەوە.
نەخۆشیی شەکرە و لێکەوتەکانی؛ دابەزینی تووندی شەکرە دەشێت ببێتە هۆی ئاڵۆزییەکانی چاو و دەمارەکان و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ. زۆرجاریش تووشبووان بیناییان تێکدەچێت و لێڵ دەبێت یاخود لاواز و بێهێز دەبن لەکاتی جووڵەکردن.
تێکچوونە دەمارییەکان؛ کۆمەڵێک نەخۆشی هەن کە مێشک و دەمارەکان تێکدەدەن، ئەمەش کاریگەریی زۆر لەسەر تێکچوونی جووڵە، بینین، هەستکردن و توانای بڕیاردان دەکات. بەتایبەت تووشبووانی نەخۆشییەکانی (فرەڕەقبوونی دەماری MS، پارکینس، لەبیرچوونەوە، لەرزۆکی و جەڵتەی مێشک)، هەرچەندە رەنگە لە قۆناخی سەرەتایی نەخۆشییە دەمارییەکان شۆفێری ئاسایی بێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات مەترسییەکەیان زیاتر دەبێت.
نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن؛ سینگئێشەی لەناکاو یاخود نیشانەکانی جەڵتەی دڵ دەکرێت لەکاتی شۆفێریدا کارەسات دروستبکەن و گرنگە راستەوخۆ ئۆتۆمبێل بوەستێندرێت. بۆیە باشترە پێش شۆفێریکردن بۆ ماوەیەکی درێژ، پەستانی خوێن بپێورێت و ئەوانەشی کە دەرمانیان هەیە، دەرمانەکانیان بخۆن (بەگوێرەی راوێژی پزیشک).
تێکچوونی بینین؛ نەخۆشییەکانی پەیوەست بە چاو هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کێشەکانی شۆفێری، هەر بۆیە باشترە شەش مانگ جارێک پشکنینی چاوەکان بکرێت
لێکەوتەکانی دوای نەشتەرگەری و خواردنی دەرمان؛ پێویستە لەم دوو دۆخەدا کەسەکە کاریگەرییە لاوەکییەکانی نەشتەرگەری و دەرمانەکان بزانێت، چونکە هەندێک دەرمان هەن کە نابێت لەدوای خواردنیان شۆفێری بکرێت بەتایبەت دەرمانەکانی (دڵەڕاوکێ، ئازارشکێنە بەهێزەکان و هێورکەرەوەکان).