پزیشکێکی دەم و ددان: دەکرێت هەوای پیس ببێتە هۆی کلۆربوونی ددان
رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان دەڵێت، هەوای پیس بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر تەندروستیی ددانەکان و دەبێتە هۆی کلۆربوونیان.
دکتۆر بێری سیروان، پزیشکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان بە رووداوی رایگەیاند، بەهۆی هەوای پیسەوە لوت دەگیرێت و مرۆڤ ناچار دەبێت بە دەم هەناسەبدات، ئەمەش وا دەکات هەندێک مادەی زیانبەخش تێکەڵ بە لیک ببن و کاریگەری لەسەر پێکهاتە و دەردانی بکەن، لە ئەنجامدا دەم وشک دەبێتەوە.
دکتۆر بێری سیروان روونیکردەوە، ئەو مادە زیانبەخشانە هاوسەنگیی نێو دەم تێکدەدەن و کاردەکەنە سەر بەکتریا سوودبەخشەکان، کە ئەمانە هۆکارن بۆ کلۆربوونی ددان.
سەبارەت بە منداڵان، دکتۆر بێری سیروان ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر منداڵ هەوای پیس هەڵبمژێت، یان بە ئاوی پیس ددانی بشوات یان ئاوی پیس بخواتەوە، دەبێتە هۆی لاوازبوونی مینای ددانەکانی.